کەنەدا لە بۆردوومانکردنی ئاسمانیی داعش پاشگەز دەبێتەوە

کەنەدا لە بۆردوومانکردنی ئاسمانیی داعش پاشگەز دەبێتەوە
بڕیارە کەنەدا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بێتە دەرەوە و فڕۆکە جەنگییەکانی بکێشێتەوە.

جاستن ترۆدۆ، سەرۆکی پارتی لیبرالەکان لە میانەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن رایگەیاندبوو، کە لە ئەگەری سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکان، ئەوا فڕۆکە جەنگییەکانی لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکێشێتەوە.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، جاستن ترۆدۆ لە هەڵبژاردنی وڵاتەکەی رێژەیەکی زۆری دەنگەکانی بەدەستهێناوە و چەند کاتژمێرێکیش پێش راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، ئەم بڕیارە چاوەڕوانکراوەی خۆی بە باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا راگەیاندووە، کە وڵاتەکەی سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بەداعش دەکات.

سەرۆک وەزیرانی داهاتووی کەنەدا هیچ وادەیەکی بۆ کشانەوەی وڵاتەکەی لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش رانەگەیاندووە، بەڵام ئاماژەی بەوەکردووە، کە راهێنەرە سەربازییەکانی کەنەدا لە باشووری کوردستان، کە مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن، لە شوێنی خۆیان دەهێڵنەوە.










باسنيوز
Top