تورکیا بە بەهای 1 ملیار دۆلار خۆراکی فرۆشتووەتە نەتەوە یەکگرتووەکان

 تورکیا بە بەهای 1 ملیار دۆلار خۆراکی فرۆشتووەتە نەتەوە یەکگرتووەکان
بەرپرسانی رێکخراوی خۆراکی جیهانی رایانگەیاند:" تورکیا بە بەهای 1 ملیار دۆلار خۆراکی فرۆشتووەتە رێکخراوەکەیان".

جان ئیف لیکوان، نوێنەری پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (WFP) رایگەیاند " نەتەوەیەکگرتووەکان بە بەهای 1 ملیار دۆلار خۆراکی لە تورکیا کڕیووە".

ئەو بەرپرسەی رێکخراوی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، کە رێکخراوەکەیان لەسەرەتای سەرهەڵدانی کێشەی سووریا لە 2011 تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە ملیارێک دۆلار".

نوێنەری پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، سەبارەت بە هاریکارییەکانی رێکخراوەکەشیان، رایگەیاند " لە ساڵی رابردوودا بە هاوکاری رێکخراوی مانگی سوور، هاریکارییان داوەتە 220 هەزار ئاوارەی سووریا، کە لە تورکیا دەژین".

لەبارەی تێچووی کۆمەکەکانی ساڵی رابردووشیان رایگەیاند "تێچووی دابینکردنی خواردنی رۆژانە بۆ ئاوارە سوورییەکان، تەنیا لە ساڵی پاردا 65 ملیۆن دۆلاری تێچووە و 160 ملیۆن ژەم خۆراکیان دابینکردووە".

بەگوتەی ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان، تورکیا لەسەرووی لیستی ئەو وڵاتانەیە، کە خۆراکیان بە نەتەوە یەکگرتووەکان فرۆشتووە.

بەگوێرەی کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری کۆچبەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، چاوەڕواندەکرێت ژمارەی کۆچبەرانی سووریا تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بگاتە 4 ملیۆن و 270 هەزار کۆچبەر.












رووداو
Top