دوایین ئاماری قوربانیانی رووداوەکەی مەككە له یەکەم رۆژی جەژنی قوربانەوە

دوایین ئاماری قوربانیانی رووداوەکەی مەككە له یەکەم رۆژی جەژنی قوربانەوە
باڵیۆزی شانشینی سعودیە لە بریتانیا هەموو ئەو تۆمەتانەی، باس لە کەمتەرخەمی و بێ پلانیی وڵاتەکەی سەبارەت بە بەڕێوەبردنی مەراسیمی حەجی ئەمساڵ دەکەن، رەتکردەوە.

محەمەد نواف ئالسعود، باڵیۆزی سعودیە لە بریتانیا، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسەکانی هەواڵ رایگەیاند، کە ئەو تۆمەتانەی ئاماژە بە داخرانی یەکێک لە رێگا سەرەکییەکانی دەورووبەری مینا لە کاتی رووداوەکەدا دەکەن بۆ مەبەستێکی وەزاری یان تێپەڕینی لیژنەیەکی فەرمی بە ناوچەکەدا دوورن لەڕاستییەوە و بێ بنەمان.

ناوبراو وتیشی: "بەرپرسانی سعودیە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن و هەوڵی نەهێشتنی هۆکارەکانی دەدەن، وەک دەردەکەوێت پەلەکردن، بەرزیی پلەی گەرما، پاڵنانی حاجیان بە ئاراستەی پێچەوانە و سەرلێشێوانی حاجییە تازەکان، لەکاتی ئەنجامدانی مەراسیمەکەدا هۆکاری سەرەکیی ئەو رووداوەن".

ئێوارەی دوێنێ، وەزیری تەندروستیی سعودیە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، دوایین ئاماری قوربانیانی رووداوەکەی یەکەم رۆژی جەژنی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی قەرەباڵغییەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 769 کەس و بریندارانیش بۆ 934 بەرزبووەتەوە.














خەندان – عەبدوڵڵا محەمەد
Top