كلیچدارئۆغلو: پەكەكە دەیەوێت هەدەپە لە هەڵبژاردن شكست بهێنێت

كلیچدارئۆغلو: پەكەكە دەیەوێت هەدەپە لە هەڵبژاردن شكست بهێنێت
سەرۆكی گەورەترین پارتیی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، پارتیی گەلی كۆماری "جەهەپە"، رەخنە لە پەكەكە دەگرێت بەوەی هەموو ئامانجێكی ئەوەیە هەدەپە نەتوانێت بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنێت و ئەوان حەز بە شكستی هەدەپە دەكەن، بۆیە شەڕیان هەڵگیرساندووە.

(كەمال كلیچدارئۆغلو) لە میانی سەردانێكیدا بۆ ئەورووپا و بەشداریكردنی لە دیمانەیەكی تایبەتی كەناڵی (بی بی سی) توركیادا، باسی چەندین تەوەری گرینگی تایبەت بە توركیا كرد و لەوێدا بۆچوونی خۆی لەسەر شەڕی نێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیا راگەیاند.

(كلیچدارئۆغلو) پێی وایە پەكەكە هەموو ئامانجێكی ئەوەیە كە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا پارتیی دیموكراتی گەلان "هەدەپە" نەتوانێت بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنێت، بۆیە شەڕی هەڵگیرساندووەتەوە. بە بۆچوونی (كلیچدارئۆغلو) پەكەكە و سەرۆككۆماری توركیا (رەجەب تەییب ئەردۆغان) یەك ئامانجیان هەیە، ئەویش هەدەپە شكست بهێنێت و بكەوێتە ژێر بەربەستی هەڵبژاردنەوە، بۆیە رەنگە ئەمەیش رێككەوتنێكی نێوان ئەو دوو لایەنە بێت.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، هەدەپە زۆر هەڵە دەكات ئەگەر داوای سەربەخۆیی بكات، چونكە بە هیچ شێوەیەك ئەو داوایانە لە بەرژەوەندیی پارتییەكەی ئەواندا نییە و پێویست بەو جۆرە داواكاریانە ناكات.
Top