کۆنگرێسی ئەمریکا کۆمەڵکوژی مەسیحی و كوردانی ئێزدی بە جینۆساید دەناسێت

 کۆنگرێسی ئەمریکا کۆمەڵکوژی مەسیحی و كوردانی ئێزدی بە جینۆساید دەناسێت
کۆنگرێسمانەکانی ئەمریکا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، كە دەبێت ئەشکەنجە، کوشتار و راونانی خانەوادە مەسیحی و ئاینییەکانی دیکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەکو جینۆساید بناسرێت. لێدوانی ئەندام کۆنگرێسەکانی ئەمریکا لەکاتی کۆبوونەوەیان لەگەڵ رێکخراوێکی بێلایەن بوو بۆ رێگری لە چەوساندنەوەی ئایینی.

دانیاڵ لیپینسکی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی دیموکراتەکان، لەمەڕ ئەو پرسە گوتی "ناکرێت چیدی دەست لەسەر دەست دانێین، دەبێت شتێک بکەین."

هاوكات تێد پۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی کۆمارییەکان گوتی "وەڵامی ئێمە بۆ چەوسانەوەی ئایینی نابێت ئەوە بێت، کە بەو خەڵکە بڵێین کێشە نییە بڕۆن لە شوێنێکی دیکە بژین."

هەروەها ژمارەیەک کۆنگرێسمانی ئەمریکی بڕیارنامەیەکیان دەرکردووە و تێیدا جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە، كە ئەوانەی تووندوتیژیان لە دژی مەسیحییەکان و کەمایەتییە ئایینیەکانی دیکە ئەنجامداوە، تاوانی جەنگ و جینۆسایدیان کردووە.

لە بڕیارنامەکەدا داوا لە وڵاتانی پابەند بە پەیمانی رێگری و سزادانی تاوانی جینۆساید دەکات "بەرپرسیارێتی یاسایی خۆیان لەبیربێت"، لە هەمانکاتدا داوادەکرێت ئەوانەی دەستیان هەبووە لە راونانی مەسیحی و ئێزدییەکان دەبێت "بدۆزرێنەوە، سزابدرێن، دەستگیربکرێن و لێپرسیەنەوەیان لەگەڵدا بکرێت."

ئەم بڕیارنامەیە بۆ پەرلەمانی هەموو وڵاتانی جیهان دەنێردرێت. هەروەها بەپێی سەرچاوەکان لەکاتی سەردانی پاپا فرانسیس بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا، جۆن بۆینەر، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەتایبەتی لەگەڵیدا کۆدەبێتەوە و پرسی جینۆسایدی ئایینی لەگەڵ تاوتوێ دەكات.

لە هەنگاوێکی دیکەدا ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا، داوایان لە ئیدارەی وڵاتەکەیان کردووە، هاوکارییەکانی ئەمریكا بۆ ئەو وڵاتانە بووەستێنرێن کە حکومەتەکەیان مەسیحییەکان و پەیڕەوكارانی ئایینەکانی دیکە دەچەوسێننەوە، هاوکات داواکراوە ئۆباما نێردەیەکی تایبەتی دیاری بکات بۆئەوەی بە کاروباری کەمینە ئایینییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باشووری ئاسیای نێوەڕاست رابگات.

بەیان سامی عەبدولرەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریكا، لە گوتارێکدا كە لە کۆبوونەوەکە پێشكەشیكرد، رایگەیاند "ئەم خەڵکە جینۆساید کراون، ئەمەش دەبێت بە شێوەیەکی دروست بە جیهان رابگەیێنرێت. هێزە کوردییەکان رۆژانە لەگەڵ چەکدارانی داعش دەجەنگن، بەڵام ئێمە ناتوانین ئەم جەنگە بەتەنیا بکەین."

کۆبوونەوەکە لە لایەن رێکخراوی "بەرگریکردنی لە مەسیحییەکان" رێکخرابوو، ئەم رێکخراوە لە ساڵی 2014 دامەزراوە و کار بۆ پاراستن و بەرگری مەسیحییەکان لە وڵاتانی وەکو میسر، سووریا، تورکیا، ئێران و عێراق دەکات. ئەگەرچی مەسیحییەکان گرووپی سەرەکی و ئامانجی کارکردنی ئەم رێکخراوەن، بەڵام لە هەمانکاتدا بەرگرییەکی بەرفراوانیش لە کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکە دەکات.








رووداو
Top