ئەمنیستی هۆشداریی دەدات لە هێرشەکانی سعودیە بۆ یەمەن

 ئەمنیستی هۆشداریی دەدات لە هێرشەکانی سعودیە بۆ یەمەن
رێکخراوی ئەمنیستی ئینتەرناشنال لە دوایین راپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە دۆخی یەمەن رایگەیاندووە:" رێڕەوێکی خوێناوی لە مردنی خەڵکی مەدەنی یەمەن دروستبووە و کۆمەڵێک بەڵگەشمان هەیە لەسەر ئەنجامدانی تاوانی جەنگی ".

بە گوێرەی راپۆرتی ئەو رێکخراوە مرۆییە جیهانییە، هێرشی ئاسمانی وڵاتانی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعودیە کە دژ بە حوسییەکان لە مانگی ئاداری رابردووەوە دەستیپێکردووە، بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 4 هەزار کەس، ئەمنیستی ئاماژە بەوەشدەکات لەو 4 هەزار کەسە نیوەیان خەڵکی مەدەنین.

هاوپەیمانێتی عەرەبی دژ بە دەسەڵاتی حوسییەکان لە یەمەن لە 26-ی مانگی ئاداری رابردووەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئیستاش بەردەوامی هەیە، هاوکات رووبەڕووبونەوەی چەکدارانی حوسییەکان و لایەنگرانی حکومەت و هێزە میلییەکان بەردەوامە.

هەر لەو راپۆرتەی ئەمنیستیدا هاتووە" هەردوو لایەنی ناکۆکی یەمەنی، کە یەکێکیان چەکدارانی حوسییەکانە بە هاوکاری لایەنگرانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح سەرۆکی پێشووی یەمەن و ئەوی دیکەیان لایەنگرانی حکومەتی یەمەنییە بە هاوکاری هێرشی ئاسمانی سعودی، تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە".

ئەو راپۆرتە 30 لاپەرەییەی ئەمنیستی چەن بەڵگەیەکەی خستووەتەڕوو کە تێیدا دەردەکەوێت لە مانگی حوزەیران و تەمموزی رابردوودا، لە تەنیا هەشت هێرشی ئاسمانی سعودیەدا 141 کەسی مەدەنی لە یەمەن کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

جگە لەوەش چەند شوێنێکی گشتیی وەک قوتابخانە، مزگەوت و مارکێت کراونەتە ئامانج و بەهۆی ئەو هێرشانەوە داڕوخاون.

هەروەها لە پارێزگاکانی تەعز و عەدەن کە شوێنی رووبەڕووبونەوەی زەمینیە لەنیوان لایەنە ناکۆکەندا، بەگوێرەی بەڵگەکانی ئەمنیستی تاوانی جەنگیان تێدا ئەنجامدراوە و دەستپارێزی لە خەڵکی مەدەنی نەکراوە.

ئەمنیستی داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەکات کۆمیسیۆنێکی نێودەوڵەتی تایبەت بە دۆخی یەمەن دابمەزرێنێت و لێکۆڵینەوەی تەواو لەئەنجامدانی ئەو تاوانانە بکەن کە لەلایەن حوسییەکان و دژەحوسییەکانەوە لە یەمەن ئەنجامدراون.

پشتر رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردبوو قەیرانی یەمەن کارەساتێکی گەورەیە و 80%-ی خەڵکی یەمەن پێویستیان بە هاوکاری هەیە کە دەکاتە نزیکەی 20 ملیۆن کەس.

پاش ئەوەی حوسییەکانی یەمەن توانیان کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری ئەو وڵاتە بکەن و سەنعای پایتەختیشیان کۆنترۆڵکرد سعودیە بە هاوپەیمانییەتی 9 وڵاتی دیکە ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی یەکلاییکەرەوەیان دژ بە حوسییەکان دەستپێکرد.

بە گوێرەی راپۆرتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو 5 مانگەدا 4 هەزار و 345 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 22 هەزار کەسیش بریندار بوونە.
















رووداو
Top