جۆن کێری: گەمارۆ سەربازییەکان لەسەر ئێران هەڵناگیرێن

جۆن کێری: گەمارۆ سەربازییەکان لەسەر ئێران هەڵناگیرێن
جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کە لە ئۆفیسی هەواڵدەریی ڕویتەرز لە نیۆیۆرک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئامادە بوو گوتی: بە هیچ شێوەیەک گەمارۆ سەربازییەکان و گەمارۆکانی چەکوچۆڵ لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵناگیرێن.

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لەوەش کردەوە کە ئەگەر بێت و ئێران پابەندی رێککەوتنە نیوەدەوڵەتییەکان نەبێت، ئەوە گەمارۆ ئابوورییەکان ئۆتۆماتیکییەن دەگەڕێنەوە جێگای خۆیان.

جۆن کێری باسی لەوەش کردووە، ئێران هەتا 10 ساڵی دیکە ناتوانێ پەرە بە بەرنامە ناوکییەکەی بدات، هەروەها هەتا 20 بۆ 25 ساڵی دیکەش سەرجەم ناوەند و بنکە ئەتۆمییەکانی لەژێر کۆنترۆڵی دامەزراوە جیهانییەکاندا دەبێت.

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئاشکراشی کرد کە ئێران لە ناوچەکەدا پشتیوانی لە گرووپە ملیشیا توندڕەوەکان دەکات و دەبێ کۆتایی بەو سیاسەتەی لە ناوچەکەدا بهێنێت.

هەر لە هەمان کاتیشدا “جۆن کربی” گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتویەتی: ڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا تێکدەرانەیە و ئەمەریکای نیگەران کردووە.

ئەو گوتەبێژە باسی لەوەش کردووە، ئەگەری ئەوە هەیە کە رێککەوتنی ڤییەن پێش بە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆم بگرێت، بەڵام ناتوانێ دەستی ئێران لە ناوچەکەدا کورت بکاتەوە.














باسنیوز
Top