نەتەوەکانی ئێران لەدژی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران سەردانی کۆنگرێس دەکەن

نەتەوەکانی ئێران لەدژی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران سەردانی کۆنگرێس دەکەن
هاوکات لەگەڵ تاوتوێکردنی رێککەوتنەکەی 5+1 لەگەڵ ئێران لە کۆنگرێستی ئەمەریکا، وەفدێکی 8 کەسی کە لە نوێنەری پارت و رێکخراوەی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران کەلە (کورد، عەرەب، ئازەری و بثلووچ) پێکدێت، لەگەڵ چوار رێکخراوی پێشکەوتووی ئەمریکی، دەستیان بە زنجیرەە دیدارگەلێک لەگەڵ شەش نوێنەری کۆنگرێس کردووە و هۆکارەکانی خۆیان بۆ دژایەتیکردن لەگەڵ ئەو رێککەوتنە دەخەنەڕوو.

ئەو وەفدە چاوپێکەوتنەکانی خۆی لە سەرەتای مانگی ئابەوە دەست پێکردووە و لەگەڵ چەندین نوێنەری وەک سیناتۆر چاک شومەر، مێناندز لە نیۆجێرسی، لوین لە میشیگان، بوکر لە ئۆهایۆ دانیشتنیان بووە و لەسەر پێشێلکرانی بەربڵاوی مافەکانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان و پەیوەندی بە رێککەوتنی ناوکییەوە گفتوگۆیان کردووە.

دکتۆر “کەریم عەبدیان”، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز و سەرۆکی دانیشتنەکانی ئێران لە واشنیۆن کە هاوکات سەرۆکایەتیی ئەو وەفدەشی لە ئەستۆیە، لە وتووێژێکی لەگەڵ “ئەلعەرەبیە نێت”، گووتوویەتی؛ ئامانج لەو چاوپێکەوتنانە ” دەربڕینی هەڵوێستی ناڕەزایەتی رێکخراوە سیاسییەکان و مافی مرۆڤی نەتەوە جیاوازەکانی ئێرانە بە نیسبەت رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی 5+1، ئەویش بەهۆی ئەوەی تێیدا ئاماژە بە پێشێلکاریی بەربلاوی مافی مرۆڤ لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە نەکراوە. “

دکتۆر کەریم عەبدی گوتیشی؛” ئەو رێککەوتنامەیە دەبێتە هۆی خراپتر بوونی رەوشی مافی مرۆڤ بەگشتی و پێشێلکرانی مافی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بەتایبەتی، هەروها درێژە دانی ئێران بە سەرکوت و بەندکردنی زیاتری چالاکانی سیاسی، مەدەنی و رۆژنامەنووسان و پشتگوێ خستنی داواکارییە سەرەتاییەکانی نەتەوە نافارسەکان و زیاتر بوونی سزای سێدارە لەو وڵاتە.”

بە گوتەی عەبدیان؛ وەفدەکەیان راپۆرتێکی شێکارییان نووسیوە و پێشکەش نوێنەرانی کونگرێستیان کردووە کە تێیدا داوایان لێکردوون دوای تەواو بوونی پشووی هاوین بانگێشتی نوێنەرانی کەمەنەتەوەیی و ئایینیەکانی ئێران بکەن و داوایان لێبکەن کە راپۆرتی خۆیان سەبارەت بە سەرکوتوو و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران پێشکەش بکەن.

جێگەی ئاماژەیە ئەو چاوپێکەوتنانە لە حاڵێک دایە کە سەرجەم کۆر و کۆبوونەوە هەواڵدەری و رۆشنبیرییەکانی ئەمریکا بە چری سەرقاڵی تاوتوێکردنی پەسەند کردن یان پەسەند نەکردنی رێککەوتنامە ناوکییەکەی نێوان ئێران و 5+1ن و چەندین سیناتۆری ناڕازی بەو رێککەوتنامەیە هەیە، تەنانەت لەنێو سێناتۆرە دیموکراتەکانێش کەسایەتیی دیاری وەکوو چاک شومەر بەیانامەیەکی سەبارت بەو رێککەوتنامەیە بڵاو کردووەتەوە و باسێ لەوە کردووە کە ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتنە رێگە لە ئێران ناگرێ بۆ ئەوەی درێژە بە بەرنامە ناوکێکی خۆی نەدا.

شومەر پێشنیاری ئەوەی کردووە کە پێویستە گەمارۆکانی ئەمەریکا بۆسەر ئێران وەک خۆی بمێنێتەوە و زیاتریش بکرێت، بڕیاری داوە لەو بارەیەوە بچێتە ریزی سێنارتۆرە کۆماریخوازەکان و دەنگی نا بەو رێککەوتنە بدات.











باسنيوز
Top