عەلی لاریجانی: رۆژئاوا هەڵەیەکی ستراتیژی دەکات ئەگەر گفتوگۆکان ئەنجامیان نەبێت

عەلی لاریجانی: رۆژئاوا هەڵەیەکی ستراتیژی دەکات ئەگەر گفتوگۆکان ئەنجامیان نەبێت
عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە گوتاری رۆژی هەینی، کە بەبۆنەی رۆژی قودسەوە پێشکەشی کرد ڕایگەیاند "ڕۆژئاوا هەڵەیەکی ستراتیژی دەکات ئەگەر گفتوگۆکان ئەنجامیان نەبێت".

لە ئێران، دواهەمین هەینی هەموو ڕەمەزانێک بە ڕۆژی جیهانی قودس ناودەبرێت. ژمارەیەکی زۆر لەلایەنگرانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ یادکردنەوەی ئەو ڕۆژە کەلەلایەن ئایەتوڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆچکردووی کۆمارە ئیسلامیەکەوە بڕیاری لێدراوە.

گفتوگۆ ئەتۆمیەکانی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک لە ڤیەننا بابەتی سەرەکی گوتارەکانی تاران بوون لەو رۆژەدا.

عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، کە یەکێکە لە سەرکردە توندئاژۆکانی ئێران لە دۆسیەی ئەتۆمی ئەو وڵاتەدا ڕایگەیاند کە ڕۆژئاوا هەڵەیەکی ستراتیژی دەکات ئەگەر گفتوگۆکان ئەنجامیان نەبێت و، گوتی: "ئەمە تاقیکردنەوەیەکە بۆ ئێوە، ئەگەر وا بکەن گفتوگۆکان بە ئەنجام نەگات ئەوا ئێوە هەڵەیەکی گەورە ئەنجام دەدەن لە ئاست نەرمونیانی ئێراندا".

ئەحمەد خاتەمی، گوتاربێژی هەینی تارانیش ڕایگەیاند، ئەوان توانای بەرگەگرتنی گەمارۆکانیان هەیە و ئاماژەی بەوەشدا : "ئەگەر نەگەین بە ڕێکەوتنێک، ئەوە کۆتایی دونیا نیە. ئێمە ٣٦ ساڵە لەژێر گەمارۆداین و لەو ٣٦ ساڵەدا، بە یارمەتی خوا، توانیومانە خۆڕاگر بین"

ئەم لێدوانانەی سیاسییە توندئاژۆکانی تاران دوای لێدوانەکانی جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دێت کە هەڕەشەی کشانەوەی لە گفتوگۆکان کردبوو.






























رووداو
Top