داودئۆغڵو دەست بە گەڕی یەكەمی كۆبووەنەوەكان دەكات

 داودئۆغڵو دەست بە گەڕی یەكەمی كۆبووەنەوەكان دەكات
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایدەگەیەنێت کە رۆژی دووشەممەی داهاتوو تاوەکو رۆژی جەژن دەست بە گەڕی یەكەمی کۆبوونەوەکانیان دەکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتی هاوبەش لە تورکیا.

ئەحمەد داودئۆغڵو گوتی: "وەک پێویستییەکی دەقی ماددەی 116 لە دەستووری تورکیا، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای پێکهێنانی دیوانی پەرلەمان، ئەرکی راسپاردنی حکومەتی پێداوم، لە ئێستاوە بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکە کارەکانم دەستپێکردووە".

داودئۆغڵو گوتیشی: "ئەم گەڕەی کۆبوونەوەکان لە رۆژی دووشەممەوە تاوەکو یەکەم رۆژی جەژن بەردەوام دەبێت، سەرەتا لەگەڵ سەرۆکی حیزبەکان راوێژدەکەین و نامەی وادەی دیدارەکانمانیان بۆ دەنێرین".

داودئۆغڵو هیوای خواست بە پشتیوانی پەرلەمانی تورکیا حکومەتێکی هاوبەش پێکبێ و گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ دواکەوتنێک لە پێکهێنانی حکومەت نەبووە، سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا و چاوەڕێی ئاسایی بوونەوەی رەوشەکە کرا".

هەڵبژاردنی تورکیا لە 7 ی حوزیرانی 2015 ئەنجامدرا و تاوەکو ئێستا سەرۆکی پەرلەمان، دیوانی پەرلەمان هەڵبژێردراون و دوای کۆتاییهاتنی گفتوگۆی نێوان حیزبەکان چاوەڕێدەکرێ حکومەتیێکی هاوبەش پێکبێ.
















رووداو
Top