عادل ئیمام: حزبی دەعوە ١٢ ساڵە لە وێرانكردنی عێراق بەردەوامە.. لەگەڵ ئیخوان موسلمیندا جیاوازییان نییە
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا (عەلی عەلاق) سەركردە لە حزبی دەعوەی ئیسلامی كە (نووری مالیكی) سەرۆكایەتی دەكات ڕایگەیاند، بە هۆی دەركەوتنی یەكێك لە دروشمەكانی حزبەكەیان لە درامایەكی میسریدا، سكاڵا لەسەر دەرهێنەر و ستافەكەی تۆمار دەكەن كە (عادل ئیمام) هونەرمەندی بەناووبانگی میسر ڕۆڵی سەرەكیی تێدا دەبینێت.
لە بەرانبەریشدا (عادل ئیمام) وەڵامی حزبی دەعوەی داوەتەوە و ڕایگەیاندووە، لە یەكێك لە گرتەكانی درامای (مامۆستا و سەرۆكی بەش) دروشمێكی حزبی دەعوە دەركەوتووە، ئەوەیش كارێكی ئاساییە و بە بێ هیچ مەبەستێكی خراپ بووە و بە مانای سوكایەتییش نایەت بۆ ئەو حزبە.
گوتوویشیەتی:"حزبی دەعوە و ئیخوان موسلمین، جیاوازییەكی ئەوتۆیان نییە، ئیخوان بە ساڵێك میسری وێران كرد، حزبی دەعوەیش ١٢ ساڵە لە وێرانكردنی عێراق بەردەوامە".
(عادل ئیمام) بە زمانێكی توند وەڵامی حزبی دەعوەی داوەتەوە و ڕایگەیاندووە، "لە ماوەی حوكمی ئێوەدا هەرچی گەندەڵ و دز هەیە هەموو سەروەت و سامانی عێراقیان دزی و حزبی دەعوەیش بێدەنگ بوو و سكاڵای لەسەر كەسیش تۆمار نەكرد".
ئەو هونەرمەندە دیارەی میسر لە وەڵامەكەیدا بۆ حزبی دەعوە دەڵێت، "من چاوەڕێ بووم ئەو حزبە لەسەر ئەو هەموو گەندەڵییەی لە عێراقدا هەیە سكاڵا تۆمار بكات، نەك لەسەر من، تەنیا لەبەر ئەوەی دروشمێكیان لە درامەیەكدا بۆ چەند چركەیەك دەركەوتووە".