ئه‌مریكا پێداگره‌‌ له‌سه‌ر هه‌ڵنه‌گرتنی سزاكانی سه‌ربه‌رنامه‌ی چه‌كسازی ئێران

ئه‌مریكا پێداگره‌‌ له‌سه‌ر هه‌ڵنه‌گرتنی سزاكانی سه‌ربه‌رنامه‌ی چه‌كسازی ئێران
سه‌رباری ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ ده‌درێن بۆ خاوكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی نێو دانوستانه‌كانی ڤییه‌ننا، به‌ڵام تاكو ئیستا به‌شێكی زۆر له‌ دۆسیه‌ جێناكۆكییه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كراون.

یه‌كێك له‌و دۆسیانه‌ی كه‌ ناكۆكی قوڵی له‌سه‌ره‌، ئه‌و سزایانه‌یه‌ كه‌ خراونه‌ته‌ سه‌ر به‌رنامه‌ی چه‌كه‌ بالیستییه‌كانی ئێران. له‌م باره‌یه‌وه‌ واشنتۆن هه‌ڵوێستێكی توندی پیشانداوه‌.

به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مریكا، جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا ترسی هه‌یه‌ له‌وه‌ی، ته‌كنه‌لۆژیای موشه‌كی بالیستی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ بگۆڕدرێت بۆ میكانیزمی گواستنه‌وه‌ چه‌كی ئه‌تۆمی.

به‌ڵام لایه‌نی ئێرانی هه‌وڵده‌دات به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ هاوبه‌شه‌كان بكاته‌ كۆلكه‌ی هاوبه‌ش و فاكته‌ری لێك نزیك بوونه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنی دانوستانه‌كان. “محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف” وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، سه‌رله‌نوێ داوای كرد ڕێككه‌وتنێك واژۆ بكرێت كه‌” ئاسۆكان واڵا بكات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ هاوبه‌شه‌كان، كه‌له‌ڕاستیدا قه‌باره‌یان زۆر گه‌وره‌یه‌”.

ڕۆژنامه‌ی “فایناشناڵ تایمز”ی به‌ریتانی له‌ڕوون كردنه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌كه‌ی زه‌ریفدا ده‌نوسێت: ” یه‌كێك له‌ هه‌ڕه‌شه‌ هاوبه‌شه‌كان ئه‌و توندڕه‌وییه‌ دڕنده‌یه‌ كه‌له‌ ناو دڵی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕستدا، تابێ درێژده‌بێته‌وه‌”.

میدیاكانی ئێران له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی دیپلۆماتی ڕووسییه‌وه‌ گواستیانه‌وه‌ كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی ڕابردوودا، ناكۆكییه‌كان گه‌یشتونه‌ته‌ ڕاده‌یه‌ك “فیدیریكا مۆرگینی” وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌ورووپا، هه‌ڕه‌شه‌ی كشانه‌وه‌ له‌دانوستانه‌كانی كردووه‌. گوتویه‌تی: ” با هه‌ریه‌كه‌مان بچینه‌وه‌ بۆ ماڵی خۆمان و لێی دانیشین” به‌ڵام زه‌ریف وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه‌و گوتویه‌تی: ” هه‌رگیز هه‌ڕه‌شه‌ له‌ئیران مه‌كه‌ن” سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیاش به‌دوای زه‌ریفدا ڕاسته‌وخۆ گوتویه‌تی: ” هه‌روه‌ها له‌ڕووسیاش”.

هه‌ردوو شاندی ئه‌مریكی وئێرانی، دوێنێ خولێكی تری دانوستانیان به‌ڕێوه‌برد، له‌كاتێكدا چه‌ند كاتژمێرێكی كه‌م مابوو بۆ كۆتایی هاتنی ئه‌و واده‌یه‌ی كه‌ كۆنگریس داینابوو بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌دا. كه‌بریتی بوو له‌ 30 ڕۆژ. چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌دوای ئه‌و به‌رواره‌وه‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بگاته‌ كۆنگریس، ته‌نها 60 ڕۆژی له‌به‌رده‌م ده‌بێت بۆ پێداچوونه‌وه‌ی، واته‌ جێبه‌جێ كردنی ئه‌ستم ده‌بێت.

ئاژانسی هه‌واڵی “ئیسنا” ی ئێرانی له‌زاری دیپلۆماتكارێكی شاندی دانوستانكاری ئێرانییه‌وه‌ گواستییه‌وه‌، كه‌ گوتویه‌تی: ” ئێمه‌ بۆچاره‌سه‌ركردنی پاشماوه‌ی ناكۆكییه‌كان، پێشنیاری بنیاتنه‌رمان كردووه‌”. به‌ڵام هه‌رئه‌و دیپلۆماتكاره‌ گوتوشیه‌تی:” له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ نه‌رمییه‌ك له‌به‌رانبه‌ر هێڵه‌ سوره‌كانماندا پیشان ناده‌ین”.

ئاژانسی ڕۆیته‌رزیش له‌زاری دیپلۆماتكارێكی ڕۆژئاواییه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌: ” هیچ شتێكی تازه‌م له‌ئێرانه‌وه‌ به‌دی نه‌كرد”.

“عه‌باس عێراقچی” جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش ده‌ڵێت: ” هیچ واده‌یه‌ك بۆ ئێمه‌ پیرۆز نیه‌، ئاماده‌ین بۆ دانوستان له‌ ڤییه‌ننا بمێنینه‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ڕۆژانه‌ش واده‌كه‌ درێژ بكرێته‌وه‌”.
















باسنيوز
Top