ئه‌ڵمانیا بڕیاری داوه‌ 450 هه‌زار ئاواره‌ی عێراق ‌و سووریا وه‌ربگرێت

 ئه‌ڵمانیا بڕیاری داوه‌ 450 هه‌زار ئاواره‌ی عێراق ‌و سووریا وه‌ربگرێت
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆچ ‌و كۆچبه‌ران له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێ‌:"بڕیاری وه‌رگرتنی 450 هه‌زار ئاواره‌ی سووری‌و عێراقی له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئه‌ڵمانیاوه‌ رێخۆشكه‌ربووه‌ بۆ كۆچی گه‌نجانی كورد به‌رەو وڵاتانی ئه‌وروپی".

شاكر یاسین به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆچ ‌و كۆچبه‌ران له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) رایگەیاند:" له‌مانگی چواری ئه‌مساڵ و له‌ كۆنفرانسێكدا له‌شاری به‌رلین له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانییه‌كان قسه‌یان له‌باره‌ی كۆچه‌وه‌ كردوه‌‌و ئه‌ڵمانییه‌كان باسیان له‌وه‌ كردووه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گوشاری ئاواره‌كان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ن له‌ساڵی 2015، تا450 هه‌زار ئاواره‌ی سووری‌و عێراقی وه‌ربگرن".

ئه‌و نه‌رمی نواندنه‌ی حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا بۆ وه‌رگرتنی 450 هه‌زار ئاواره‌ بەڕای به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆچ ‌و كۆچبه‌ران له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان بووەته‌ " هاندانی ئه‌وه‌ی گه‌نجانی كورد به‌رەو وڵاتانی ئه‌وروپا كۆچ بكه‌ن".

شاکر یاسین باسی لەوە کرد کە" بۆ به‌دواداچوونی كۆچی گه‌نجانی هه‌رێمی كوردستان به‌نیازن رۆژی چوارشەممە له‌گه‌ڵ راوێژكارێكی په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌ بكه‌ن تاوەکو ئه‌م پرسه‌ له‌په‌رله‌مانیش قسه‌ی له‌باره‌وه‌ بكرێت و بخرێته‌ به‌رنامه‌ی دانیشتنێكی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌".

ماوه‌یه‌كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان باس له‌ كۆچی گه‌نجانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت به‌رەو وڵاتانی ئه‌وروپی، به‌ڵام تاوەکو ئێستا وه‌ك شاكر یاسین گوتی "هیچ ئامارێك له‌به‌ر ده‌ستدا نییه‌ بۆ زانینی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كوردستان به‌جێده‌هێڵن".







رووداو
Top