ئەگەری درێژ کردنەوە وادەی کۆتایی دانوستاندنەکانی ئێران و وڵاتانی ٥+١ لە ئارادیە
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران و فێدریکا موگرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بە نوێنەرایەتی لە وڵاتانی ٥+١ بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەی یەکەم هەمان ڕۆژ بە بەشداری وەزیرانی دەرەوەی هەردوو لایەن بەڕێوەچوو و نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند.
سەرچاوەیەک لە شاندی بەشداربووی ئاڵمانیا لە کۆبوونەوەکە بە ئاژانسی فەرانسای ڕاگەیاند؛ " هەتا ئێستا نەگەیشتوونە هیچ دەرەنجامێک... دەبێت ئەو پرسە بە هەند وەربگرین و زۆر شتی گرینگ ماوە چارەسەر بکرێن. وانییە بڵێی بە هەر نرخێک بێت ڕێكبکەوین."
ئەو سەرچاوەی شاندی ئاڵمانیا گووتی: "هەتا ئێستا هیچ شتێک ڕوون نییە... و هەندێک ناکۆکی هەیە و بۆ چارەسەر کردنیان خۆمان ماندوو دەکەین."
لە لایەکی دیکە وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین گووتی: "ئەوەی گرینگە ئەوەیە، ئەمڕۆ و سبەی هەموو لایەنەکان و بەتایبەت ئێران و ئەمریکا بەزوترین کات بڕیاری کۆتایی خۆیان بدەن."
دە ڕۆژە جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ڤییەنایە و وەزیرەکانی دیکە لە نێوان ووڵاتەکەیان و ڤییەنا لە هاتووچۆ دان.
کۆشكی سپی ڕایگەیاندووە، ئەگەری ئەوە هەیە وادەی کۆتایی ڕۆژی سێشەممە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی وەک خۆی نەمێنیتەوە و درێژ بکرێتەوە.