شرۆڤەکاران: گشتپرسییەکەی یۆنان کاریگەریی زۆری نابێت

 شرۆڤەکاران: گشتپرسییەکەی یۆنان کاریگەریی زۆری نابێت
ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی تەمموز یۆنان بڕیارە چارەنوسسازەکە دەدات، بەڵام بەپێی گوتەی شرۆڤەکارانی سیاسی و ئابووری، دەنگدان بە ریفۆرمی ئابووری یۆنان بە بەڵێ یان نەخێر جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە، چونکە بە هەردووبارەکەدا خەڵکی ئەو وڵاتە رووبەڕووی زەحمەتییەکی زۆر دەبنەوە، ئەوان دەبێت مامەڵە لەگەڵ قورسترین دۆخی ژیانیاندا بکەن.

ستاتیس کالیڤاس پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی یەیڵ دەڵێت: " جیاوازی نێوان هەردوو بژاردەکە زۆر کەمە، هەر ئاراستەیەک لەوانە بگیرێتە بەر، جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ئەوەی دیکەدا نابێت، ئەگەر بە نەخێر دەنگ درا و نەخێر بردیەوە، ئەوکات حکومەتی یۆنان لەوانەیە جارێکی دیکە بچێتەوە برۆکسل بۆ دانوستان، ئەوکاتەش پێدەچێت رەتکردنەوەی تووش ببێت، چونکە متمانە بە حکومەتی یۆنانی نەماوە، بەمەش لە گەڕانەوەیدا بۆ یۆنان رووبەڕووی داڕمانێکی ئابووری تەواو بووەتەوە"

بە گوتەی ئەو شرۆڤەکارە، ئەگەر خەڵکی یۆنان بە ریفۆرمیش رازی بن، دیسان حکومەت دەکەوێتەبەر دۆخێکی ناهەموار و لەوانەیە پێویست بە گۆڕانکاری سیاسی بکات.

ستاتیس کالیڤاس پێیوایە:" ئەگەر دەنگی (بەڵێ) براوە بێت، ئەوکاتە دیسان یۆنان دەکەوێتە دۆخێکی زۆر زۆر قورسەوە، بەڵام بەلایەنی کەمەوە بۆچوونی سەبارەت بە گۆڕانکاریی سیاسی دێتە گۆڕێ، بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی باشتر لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا بکات".

بە هەردوو بارەکەدا کاریگەری خراپ لەسەر ئابووریی دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر یەکێتی ئەوروپا بیەوێت یۆنان لە زۆنی ئەوروپا بمێنێتەوە، دەبێت پلانێکی دیکە پێشکەش بکات، چونکە نرخی ئەم قەیرانە زۆر لەوە زیاترە کە چاوەڕێی دەکرا.

ریفراندۆمی تایبەت بە چاکسازی ئابووری و قبوڵکردن و قبوڵنەکردنی پلانەکەی یەکێتی ئەوروپا، خەڵکی یۆنانی کردووە بە دوو بەشەوە، بەشێکیان پێیانوایە لەبەرئەوەی حکومەتی یۆنان پلانێکی نییە جێگەی پلانەکەی ئەوروپا بگرێتەوە، بۆیە باشتروایە هەرچۆنێک بێت لە یەکێتی ئەوروپا بمێننەوە، بەڵام بەشەکەی دیکە پێیانوایە یۆنان بەو جۆرە بۆ هەمیشە لەژێر قەرزدا دەناڵێنێت و ناشتوانێت باری ژیانی خەڵک سووکتر بکات، بەڵکو تادێت قورستری دەکات و قەرزەکان زیاتر کەڵەکە دەبن.


















رووداو
Top