هه‌وڵه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنى ئه‌تۆمی له‌نێوان ئێران و (5+1) چڕتر ده‌كرێته‌وه‌

هه‌وڵه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنى ئه‌تۆمی له‌نێوان ئێران و (5+1) چڕتر ده‌كرێته‌وه‌
دانووستانه‌كانى ئه‌تۆمى له‌ نێوان ئێران و وڵاتانى گروپى پێنج كۆیه‌ك له‌باره‌ى به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى تاران كه‌ له‌ ڤیه‌ننا به‌ڕێوده‌چێت، له‌ هێڵى كۆتایى نزیك ده‌بێته‌وه‌ و هه‌رچى دانووستانكارانیشن،، هه‌وڵه‌كانیان بۆ یه‌كلایى كردنه‌وه‌ى خاڵه‌ ناكۆكه‌كانى سه‌باره‌ت به‌ پرسه‌ هه‌ڵپه‌سێراوه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنى كۆتایى ئه‌تۆمى خستوونه‌ته‌ گه‌ر.

له‌مباره‌یه‌وه‌ گه‌وره‌ دیبلۆماتكارێكى رۆژئاوایى ئاشكرایكرد، وتوێژه‌كان له‌ كۆتایى نزیك ده‌بێته‌وه‌ و هیچ پلانێكیش بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ وتوێژه‌كان له‌ ئارادا نییه‌. دیبلۆماتكاره‌كه‌ دووپاتى كرده‌وه‌، یان ئه‌وه‌تا له‌ دانووستانه‌كاندا ده‌گه‌ینه‌ رێككه‌وتن یان نا . ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، پڕۆسه‌كه‌ هێشتا زۆر ئه‌سته‌مه‌.

لاى خۆشیه‌وه‌ جۆن كییرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، دانووستانه‌كان پێشڤه‌چوونیان به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا كارى زۆر ماوه‌ .

له‌ به‌رامبه‌ریشدا هاوتا ئێرانیه‌كه‌ى مه‌حمه‌د جه‌واد زه‌ریف رایگه‌یاند كه‌ ئێران له‌گه‌ڵ گروپى پێنج كۆیه‌ك هیچ كاتێك ئه‌وه‌نده‌ بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنى كۆتایى ئه‌تۆمى نزیك نه‌بووه‌نه‌ته‌وه‌.
Top