فەرەنسا داوای کۆبوونەوەی لوتکە لەسەر بۆکۆ حەرام دەکات
گرووپی بۆکۆحەرام، لە باکووری رۆژهەڵاتی نەیجریا دەستیان بەسەر چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتەدا گرتووە و خەلافەتێکی ئیسلامیان دامەزراندووە، ماوەی چەند مانگێکیشیە بەیعەتیان بە داعش داوە و خۆیان بە بەشێک لە گرووپی داعش دەزانن.
ئەم پێشنیازەی ئۆلاند لەکاتێکدا بوو کە لەگەڵ پۆل بیا، سەرۆکی کامیرۆن لە شاری یاوندی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە و باسیان لە رەوشی ئاسایشی ئەو ناوچەیە کرد، بە تایبەت کە کامیرۆن سنووری لەگەڵ نەیجریا هەیە و تا ئێستا چەند جارێک سوپای کامیرۆن لە سنوورەکانی لەگەڵ نەیجیریا رووبەڕووی چەکدارانی بۆکۆحەرام بوونەتەوە.
ئۆلاند راشیگەیاند کە فەرەنسا ئامادەیە ئەرکی رێکخستنی ئەو لوتکەیە بگرێتە ئەستۆی خۆی، ئەگەر وڵاتان بڕیاری لەسەر بدەن و گوتیشی پاریس دەتوانێت پیشوازی لەو لوتکەیە بکات.
وڵاتی فەرەنسا لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا لەدوای ئیتاڵیا بە هەمان شێوە داوای کۆبوونەوەیەکی لوتکەی جیهانی تایبەت بە هەڕەشەکانی داعش کرد، ئەو پێشنیازەی فەرەنساش کاتێک بوو کە چەکدارانی داعش پەلاماری ناوچەکانی باشووری کوردستانیان دا.
رووداو