فەرەنسا داوای پەنابەریی دامەزرێنەری ویكیلیكسی رەتكردەوە

 فەرەنسا داوای پەنابەریی دامەزرێنەری ویكیلیكسی رەتكردەوە
سەرۆكایەتی فەرەنسا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە پاریس داوای پەنابەریی جولیان ئاسانجی دامەزرێنەری ماڵپەڕی ویكیلیكسی رەتكردەوە .

جولیان ئاسانج ، كە تەمەنی 44ساڵە و خەڵكی ئوسترالیایە ، ماوەی سێ ساڵە لە باڵیۆزخانەی ئیكوادۆر دەژیت لە لەندەن ، لە ترسی رادەستكردنی بە سوێد ، كە دوو كچ لەو وڵاتە بە دەستدرێژی سێكسی تۆمەتباریان كردووە .

سەرۆكایەتی فەرەنسا ، رۆژی هەینی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە " بەهۆی تایبەتمەندییە یاساییەكان و رەوشی دارایی ئاسانج ، فەرەنسا ناتوانێ داواكارییەكەی قبوڵ بكات "، هەروەها دەڵێ " رەوشی ئاسانج بەشێوەیەك نییە كە مەترسییەكی خێرای لەسەربێت "، ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەوروپاش یاداشتی دەستگیركردنی دەركردووە .

ویكیلیكس كە ماڵپەڕی ئاشكراكاری بەڵگەنامەكانە ، هەژانێكی گەورەی لە چەند ساڵی رابردوودا لەجیهاندا دروستكرد بە بڵاوكردنەوەی بەڵگەنامە نهێنییەكانی ئەمریكا ، لەو دواییەشدا بەڵگەی سیخوڕیكردنی ئەمریكای بەسەر تەلەفۆنەكانی سێ سەرۆكی دوایی فەرەنسا بڵاوكردەوە .






















رووداو
Top