میسر.. 39 ئەندامی ئیخوان دەستگیرکران
لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی میسر رایگەیاند" هێزە ئەمنییەکانی میسر توانیویانە 21 ئەندامی رێکخراوی ئیخوان موسلمین کە پەیوەندییان بە هەڵکوتانە سەر دامەزراوە حکومییەکان و رووداوەکانی سینا هەبووە، دەستگیربکەن".
بەپێی راگەیێندراوەکە كە رۆژی پێنجشەممە 2 ی تەمموز بڵاوكراوەتەوە، لە ئەنجامی هەڵمەتی پشکنین و گەڕانی هێزە ئەمنییەکان بەدوای ئەندامانی رێکخراوی ئیخوان موسلمین، 18 ئەندامی ئیخوان کە لەلایەن یاساوە داواکراوبوون، دەستگیرکراون.
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی میسر ئاماژەی بەوەش داوە، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە سەرجەم دەستگیرکراوەکان رەوانەی بەردەم دادوەر کراون.
شەڕ و پێکدادانی نێوان گرووپی ئەنسار بەیتولمەقدیس كە بەیعەتی بە رێكخراوی داعش داوە، لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان بەردەوامی هەیە، هاوکات هەڵمەتی دەستگیرکردن و راوەدوونانی ئەندامانی رێکخراوی ئیخوان موسلمینیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی میسر بەردەوامە.
رۆژی چوارشەممە 1-ی تەمموزی 2015، سەرچاوەیەکی ئەمنی میسر رایگەیاندبوو " لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزە ئەمنییەکانی میسر و چەکدارانی سەر بە رێکخراوی ئیخوان موسلمین لە ناوچەی 6 ی ئۆکتۆبەر لە قاهیرەی پایتەخت، 13 سەرکردەی رێکخراوەکە کوژران".
رووداو