ئیسرائیل داوای پێکهێنانی هاوپەیمانیێتییەک لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دەكات
ئاژانسەکانی هەواڵی ئیسرائیل لەسەر زاری ئەرییە درعی، وەزیری ئابووری ئیسرائیل و سەرۆکی پارتی شاسی راستڕەو رایانگەیاندووە " دوای پەلاماردانە تیرۆریستییەکانی دژ بە هێزەکانی ئاسایشی میسری لە سینا، لەسەر ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی پێویستە هاوپەیمانێتییەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ئیسلامی پێکبهێنن".
درعی، رۆژی پێنجشەممە 3-7-2015، لەکاتی بەسەرکردنەوەی چەند کارگەیەک کە دەکەونە کۆمەڵگە نیشتەجێکانی نزیک کەرتی غەزە گوتی " واباشترە میسر و ئوردن و وڵاتانی کەنداو درک بەو پێویستییە بکەن، بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی لەو بارەیەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا بکەن".
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 1ـی تەمموز، سەرکردایەتی گشتیی هێزە چەکدارەکانی میسر، لە راگەیێندراوەکدا ئاماژەی بە زیانەکانی هێزەکانیان کرد بەهۆی ئەو چەند هێرشەی کرانە سەر هێزە چەکدارەکانیان لە باکووری سینا.
سەركردایەتییەكە رایگەیاند " 17 لە سەربازەکانمان کوژران، کە لەنێویاندا 4 ئەفسەر هەن، لەگەڵ برینداربوونی 13ی دیکە". هاوکات ئاماژەی بە کوژرانی 100 چەکدار لە تووندئاژۆکان دابوو. بەڵام رێكخراوی داعش رایگەیاند كە 80 سەربازی میسری لەو هێرشانەدا كوژراون.
لەلایەکی دیکەوە عاموس جلعاد، سەرۆکی دەستەی ئەمنی و سیاسی لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، رۆژی پێنجشەممە دوای هێرشەکانی سەر سینا، جەختی لەسەر بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی ئەمنی لەگەڵ میسر کردەوە. هەروەها رادیۆی گشتیی ئیسرائیل رایگەیاند "ئەو زنجیرە دەستدرێژییە تیرۆریستیانەی کرانە سەر باکووری سینا، بووە هۆی نیگەرانی لەسەر ئاستی هەرێمی".
رووداو