وەزیری دەرەوەی تورکیا: ئەگەر پێویست بێت دەستێوەردان دەکەین

 وەزیری دەرەوەی تورکیا: ئەگەر پێویست بێت دەستێوەردان دەکەین
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێ: "هەموو رۆژێک مەترسییەکان بۆ سەر سنوورەکانمان زیاتر دەبن، ئەگەر هەڕەشەکان بگەنە سنووری ئێمە هەموو رێگایەک دەگرینەبەر، ئەگەر پێویست بێت دەستێوەردانیش دەکەین".

مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانی بەشداریکردنی لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: "ئەگەر لەنێوخۆشدا هەڕەشە لەسەقامگیری تورکیا بکرێت، لە نێوخۆی تورکیاشدا دەستێوەردان دەکەین، ئێستا بەپێی پێویست سەرباز نێردراوە، لەوە دەچێت کە مەترسییەکەمان تێپەڕاندبێ، هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئێمە هەبێت وەڵامی پێویستی دەدەینەوە".

چاوشئۆغڵو دەڵێ: "ئەوەی تاوەکو ئێستا کردوومانە ئامادەسازی بووە بۆ پاراستنی سنوورەکانمان لەو هەڕەشە و مەترسیانەی رووبەڕوومان دەبنەوە، ئێستا یاسای رێپێدانی ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی سنووریشمان هەیە کە ساڵی پار لە پەرلەمان دەنگی بۆ درا".

وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختیشی لەوە کردەوە: "لەو چوارچێوەیەدا لەهەرکوێ مەترسی لەسەرمان هەبێت هەڵوێستمان دەبێت، وەک چۆن پێشتر لەبەرامبەر پەکەکە ئۆپەراسیۆنمان بۆ باکووری عێراق لە قەندیل ئەنجامدا، بەهەمان شێوە ئەگەر پێویست بێت لێرەش ئەنجامی دەدەین".

وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: "ئێمە دژی داعشین، بەڵام سیاسەتی ئێستامان دژی پەیەدە-شە، کە ئەمە هۆکاری جیاجیای هەن، دەبێ بە گرنگیپێدانەوە ئەوە بڵێن نە لە عێراق نە لە سووریا هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ هیچ کام لە برا کوردەکانمان نییە، بەڵام ئامانجی پەیەدە، یەپەگە و لەنێویشیدا پەکەکە ئەوەیە کە خاکی سووریا پارچە بکەن و لە سنوورێکی دیاریکراودا دەسەڵاتێکی خۆیان پێکبهێنن، ئەوان دەیانەوێ پێکهاتەیەکی ئیتنیکی دروستبکەن".





رووداو
Top