عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌باره‌ت به‌ سه‌ركرده‌كانی ئیخوان: ئه‌وه‌ی بڕیاری له‌سێداره‌دانی ده‌رچووه‌ له‌سێداره‌ده‌درێت

عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌باره‌ت به‌ سه‌ركرده‌كانی ئیخوان: ئه‌وه‌ی بڕیاری له‌سێداره‌دانی ده‌رچووه‌ له‌سێداره‌ده‌درێت
له‌میانه‌ی مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنی هیشام به‌ره‌كات داواكاریی پێشووی میسر كه‌ دوێنێ سێشه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌چوو، عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆكی میسر به‌ ده‌سته‌واژه‌ی توند هه‌ڕه‌شه‌ی له‌كۆمه‌ڵه‌ی ئیخوان موسلیمین كرد.

سیسی كه‌ مانگی رابردوو له‌میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌انیدا له‌ به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا به‌ناڕاسته‌وخۆ رایگه‌یاندبوو به‌دوری ده‌زانێت سزای له‌سێداره‌دان له‌دژی سه‌ركرده‌كانی ئیخوان جێبه‌جێ بكرێت، دوێنێ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌وه‌ی بڕیاری له‌سێداره‌دانی له‌دژ ده‌رده‌چێت، سزاكه‌ی جێبه‌جێ ده‌كرێت".

سه‌رۆكی میسر ئیخوانی له‌وه‌ی به‌ "یه‌كێتیی میسرییه‌كان" ناو برد، ده‌رهێناو ئه‌و گروپه‌ی خسته‌ "ئه‌هلی خراپه‌"وه‌. دانیشی به‌وه‌دا نا كه‌ یاساكانی ئێستا ده‌ستی دادوه‌ری به‌ستۆته‌وه‌و به‌ڵێنیشدا له‌پێناو ده‌ستوبردكردنی داده‌وریدا هه‌موراكردنی پێویست ئه‌نجامبدات.

ئێواره‌ی دوێنێ رێوڕه‌سمێكی سه‌ربازی بۆ به‌خاكسپاردنی داواكاریی گشتی به‌ڕێوه‌چوو كه‌ له‌ڕێگه‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوه‌وه‌ كه‌ كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانی كرده‌ ئامانج، تیرۆركرا.

سیسی له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئاماده‌بوانی مه‌راسیمه‌كه‌دا بوو كه‌ له‌خۆرهه‌ڵاتی قاهیره‌ به‌ڕێوه‌چوو. هه‌ر له‌و مه‌راسیمه‌دا چه‌ندین به‌رپرس و كه‌سایه‌تیی تر له‌وانه‌ عه‌دلی مه‌نسور سه‌رۆكی كاتی پێشووی وڵات و سه‌رۆكی داداگای ده‌ستوریی باڵاو ئیبراهیم مه‌حله‌ب سه‌رۆكی حكومه‌ت و ئه‌حمه‌د ئه‌لته‌یب شێخی ئه‌زهه‌ر، ئاماده‌بون.

له‌ساڵی 1990ه‌وه‌ كه‌ تێیدا ره‌فعه‌ت مه‌حجوب سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ تیرۆركراوه‌، به‌ره‌كات به‌رزترین به‌رپرسی میسرییه‌ كه‌ تیرۆر بكرێت.

هه‌ر له‌میانه‌ی ئه‌و مه‌راسیمه‌دا سیسی به‌توڕه‌ییه‌وه‌ وتی: "چاوه‌ڕوانی ئه‌م ره‌وشه‌ ناكه‌ین. یاساكان به‌شێوه‌یه‌ك هه‌موارده‌كه‌ین كه‌ بتوانین یاساو داده‌وری له‌خێراترین ماوه‌دا جێبه‌جێ بكه‌ین".

وتیشی: "ئه‌وه‌ی بڕیاری له‌سێداره‌دانی له‌دژ ده‌رچووه‌ سزاكه‌ی جێبه‌جێده‌كرێت. ئه‌وه‌ی سزاكه‌ی زیندانی هه‌میشه‌ییه‌، جێبه‌جێده‌كرێت. ئه‌مڕۆ نه‌ك سبه‌ی.. ئێمه‌ ئاماده‌ین جێبه‌جێی بكه‌ین.. گوێ نه‌ به‌ ناوخۆ ده‌ده‌ین نه‌ به‌ده‌ره‌وه‌. پێش هه‌موو شت گوێ له‌ خواو به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمان ده‌ده‌ین، به‌رژه‌وه‌ندیی میسر".

ده‌سبه‌جێ پاش كۆتاییهاتنی مه‌راسیمه‌كه‌ش به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی هه‌مواركردنی یاسایی، سه‌رۆك وه‌زیران له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د زه‌ند وه‌زیری داد كۆبووه‌وه‌و وه‌زیری دادیش پشوی هاوینه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.





























خه‌ندان
Top