میسر یاسایه‌كی نوێ بۆ قه‌ڵاچۆكردنی تیرۆرده‌رده‌كات و، ناوی گۆڕه‌پانی ڕابیعه‌ش ده‌گۆڕێت

میسر یاسایه‌كی نوێ بۆ قه‌ڵاچۆكردنی تیرۆرده‌رده‌كات و، ناوی گۆڕه‌پانی ڕابیعه‌ش ده‌گۆڕێت
له‌كاتێكدا كاردانه‌وه‌كان به‌رده‌وامن له‌سه‌ر تیرۆركردنی داواكاری گشتی، حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ ئاشكرای كرد كه‌ده‌یه‌وێت یاسایه‌كی نوێ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر ده‌ربكات. ئه‌وه‌ش له‌پاش چه‌ند كاتژمێرێكی كه‌م دێت له‌و بانگه‌وازه‌ی”عه‌بدولفه‌تاح سیسی” كه‌داوای كرد یاساكه‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌، له‌پێناوی به‌ده‌ست هێنانی “دادپه‌روه‌رییه‌كی به‌رجه‌سته‌دا”.

“ئیبراهیم هنێدی” وه‌زیری كاتی داد و كاروباری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، له‌لێدوانێكی ڕۆژنامه‌گه‌ریدا گوتی: ” سبه‌ینێ یاسای قه‌ڵاچۆكردنی تیرۆر ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌می ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران”.

هنێدی كه‌له‌هه‌مان كاتدا، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی باڵای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكانه‌، گوتیشی: ” یاسای قه‌ڵاچۆكردنی تیرۆر له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داده‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌، نێردراوه‌ بۆ لیژنه‌ی چاكسازیی یاسایی له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران،له‌وێ ده‌ستكاری پێویستی كراوه‌، تاكو سبه‌ینێ بخرێته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران”.

سه‌باره‌ت به‌گرنگترین خاڵه‌كانی هه‌مواركردنی ئه‌و یاسایه‌، ده‌ڵێت: ” سزاكان هه‌موار ده‌كرێن، ڕێوشوێنه‌كان كورت ده‌كرێنه‌وه‌، له‌هه‌موو فه‌رمانگه‌كاندا به‌زووی كاروباره‌كانی سزادان جێبه‌جێ ده‌كرێن، ده‌سته‌ڵاتی زیاتر ده‌درێت به‌ لایه‌نه‌ قه‌زاییه‌كان بۆ سزادان، تاكو مامه‌ڵه‌ی ته‌واو له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ تاوانانه‌دا بكرێت”.

به‌گوته‌ی هنێدی: ” هه‌مواركردنه‌وه‌كان، ڕێوشوێنه‌كانی تایبه‌ت به‌ پشكنینی ئه‌كاونته‌ بانكییه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌”.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌”یانه‌ی دادوه‌رانی میسر” داوای له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌ كه‌ به‌فه‌رمی ناوی “گۆڕه‌پانی ڕابیعه‌ی عه‌ده‌وییه‌” بگۆڕن به‌ “گۆڕه‌پانی هیشام به‌ره‌كات”. واته‌ گۆڕینی ناوی ئه‌و گۆڕه‌پانه‌ی كه‌له‌وێوه‌ ئیخوانه‌كان ناڕه‌زاییه‌كانیان له‌دژی كۆده‌تاكه‌ی عه‌بدولفه‌تاح سیسی بره‌و پێده‌دا. ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تای ئه‌و سزایه‌ كه‌وه‌ك كاردانه‌وه‌، ده‌سته‌ڵاتی میسر ئاراسته‌ی ئیخوانه‌كانی ده‌كات.‌























باسنیوز
Top