ژمارەیەک خوێندکاری زانکۆ دەچنە نێو گرووپە تیرۆریستییەکان
ئەحمەد بابەکر، عەمیدی کاروباری خوێندکاران لە ئەکادیمیای سوودان رایگەیاندووە، کە گوماندەکرێ 12 خوێندکاری زانکۆ، چووبنە تورکیا، بۆ ئەوەی لەوێوە بچنە نێو گرووپە چەکدارییە تووندڕەوەکانی سوریا.
ئەحمەد بابەکر پێیوایە بەڵگەکان لەسەر چوونی ئەو خوێندکارانە بۆ تورکیا دەریدەخەن، کە ”دەیانەوێ پەیوەندیی بە رێکخراوە ئیسلامییە تووندڕەوەکانی سوریاوە بکەن و نزیکترین رێکخراوی لە سنوورەکانی تورکیا، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ـە“ و ئاماژە بەوەشدەکات، کە 3 خوێندکاریان لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە دەستگیرکراون.
ئەو 12 خوێندکارە، هەڵگری رەگەزنامەی جیاوازبوون و لە سوودان دەیانخوێند، 7 بەریتانی، 2 کەنەدی، ئەمریکییەک و 2 سوودانی بوون.
هەروەها گوتەبێژی نووسینگەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاندووە، کە 7 هاووڵاتی بەریتانی لە سوودانەوە روویانکردووەتە تورکیا و باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تورکیا و پۆلیسی تورکیا هەوڵی دیاریکردنی شوێنەکانیان دەدەن.
باسنيوز