دیپلۆماتكاران: هێشتا هه‌ندێ ناكۆكیى سه‌ره‌كی له‌ نێوان ئێران و گروپى 5+1 ماوه‌

دیپلۆماتكاران: هێشتا هه‌ندێ ناكۆكیى سه‌ره‌كی له‌ نێوان ئێران و گروپى 5+1 ماوه‌
دیبلۆماتكارێكى رۆژئاوا سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى وتوێژى ئه‌تۆمى كه‌ دوێنێ له‌ ڤیه‌ننا له‌ نێوان وڵاتانى گروپى پێنج كۆیه‌ك و ئێران به‌ڕێوه‌چوو رایگه‌یاند، هێشتا هه‌ندێ ناكۆكى سه‌ره‌كی له‌ نێوان ئێران و وڵاتانى گروپى پێنج كۆیه‌ك ماوه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.

دیبلۆماتكاره‌كه‌ كه‌ له‌ ناو وتوێژه‌كانى دوێنێكه‌ ئاماده‌بوو گوتى: بۆ ئه‌وه‌ى وڵاتانى گروپى و پێنج كۆ یه‌ك و ئێران بگه‌نه‌ رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى كۆتایى كه‌ واده‌كه‌ى كۆتایى ئه‌م مانگه‌یه‌، ده‌بێت چه‌ند پرس و ناكۆكییه‌ك هه‌یه‌ به‌م رۆژانه‌ى داهاتوو چاره‌سه‌رى بكه‌ن، ئه‌گه‌رنا ئه‌سته‌مه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ له‌گه‌ڵ ئێران بگه‌نه‌ رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى كۆتایى.

لاى خۆشیه‌وه‌، دانووستانكارى ئێرانى عه‌باس عه‌راقچى به‌ رۆژنامه‌وانانى راگه‌یاند، وتوێژه‌كانى ئێستا زۆر به‌ سست و خاوى و دژوارى به‌ڕێوه‌ده‌چن بێ ئه‌وه‌ى هۆكاره‌كه‌ى بخاته‌ روو.

هاوكات به‌رپرسێكى ئه‌مه‌ریكیش له‌وباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، سه‌ربارى ئه‌سته‌نگ و كۆسپه‌كان كه‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام گه‌یشت به‌ رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى كۆتایى له‌گه‌ڵ ئێران زۆر نزیكبووه‌ته‌وه‌. دوێنێ له‌ شارى ڤیه‌نناى پایته‌ختى نه‌مسا، وڵاتانى گروپى پێنج كۆ یه‌ك و ئێران بۆ چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكى و گرفته‌كان كه‌ بوونه‌ته‌ كۆسپ له‌به‌رده‌م گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى كۆتایى كۆبوونه‌وه‌.
Top