کەند و کۆسپی زۆر لەسەر ڕێگەی رێککەوتنی ناوکیی ئێران هەیە
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی ڕویتەرز، ئەو کاربەدەستە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت باسی لەوە کردووە کە دانوستانە ناوکییەکان ئێستە لە قۆناخی کۆتایی دان، بەڵام هەتا ئێستە هیچ کێشەیەک لە نێوان ڕۆژئاوا و ئێران چارەسەر نەکراوە.
کاربەدەستەکە باسی لەوەش کردووە کە چەندین کێشەی وەکوو سەردانی پشکێنەران بۆ ئێران، روونکردنەوە لەسەر بەرنامەی ناوکیی، چوارچێوەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و چەندین خاڵی کێشە لەسەری دیکە بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە.
لە پاییزی 2013وە و پاش هاتنە سەر کاری حەسەن رۆحانی وەکوو سەرکۆمار، ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک خولێکی تازە لە دانوستانەکانیان دەست پێکرد و هەتا ئێستەش وڵاتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە چاوی گومانەوە دەڕواننە بەرنامەی ناوکیی ئێران و باوەڕیان وایە کە ئەو حکوومەتە مەبەستی دروستکردنی چەکی ناوکیە.
پاش رێکەوتنی کاتی نوامبری 2013 و ڕێککەوتنی سەرەتایی ئاپریلی 2015، هەنووکە هەر دوولایەن هەتا کۆتایی ئەم مانگە دەرفەتیان بۆ رێککەوتنی هەتاهەتایی لەبەردەست دایە.
چەند رۆژ لەمەوبەر عەباس عێراقچی دانوستانکاری ئێرانی بە هەواڵنێرانی گوتبوو کە روەتی وتووێژەکان زۆر بە هێواشی و لەسەرەخۆیی بەڕێوە دەچن.
وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەر چەندین خاڵی دیکەی وەکوو، رێژەی سانتریفوویژەکانی ئێران، شێوەی پیتاندنی یورانیۆم، داخستنی بنکە ناوکییەکان، لەگەڵ ئێران کێشەیان هەیە و ئەگەری ئەوەش هەیە هەر بە چارەسەر نەکراوی بمێنێتەوە.
باسنیوز