بڕیاری له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر ئه‌نجامده‌ری ته‌قینه‌وه‌كه‌ی بۆستندا سه‌پێنرا

بڕیاری له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر ئه‌نجامده‌ری ته‌قینه‌وه‌كه‌ی بۆستندا سه‌پێنرا
پاش ئیدانه‌كردنی به‌ ته‌قینه‌وه‌كانی ماراسۆنی بۆستن له‌ 15-4-2013 كه‌ سێ كوژراو و نزیكه‌ی 260 برینداری لێكه‌وته‌وه‌، دوێنێ چوارشه‌ممه‌ دادگایه‌كی فیدراڵیی ئه‌مه‌ریكی به‌ڕه‌سیمی بڕیاری له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ر جه‌وهه‌ر تسارناییڤدا، سه‌پاند.

جۆرج ئۆتوڵ سه‌رۆكی دادگای فیدراڵی له‌ بۆستن له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی بڕیاری له‌سێداره‌دانه‌كه‌ی، روو له‌ تسارناییڤ وتی: "له‌هه‌ر شوێنێكدا ناوی تۆ بهێنێرێت، ئه‌و تاوانه‌ باسده‌كرێت كه‌ ئه‌نجامت دا، ئه‌وه‌ی له‌بیر خه‌ڵكدا ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌نجامدانی كوشتنی كه‌سانی بێتاوانه‌ له‌لایه‌ن تۆوه‌".

تسارناییڤ پێش ده‌رچونی بڕیاری له‌سێداره‌دانه‌كه‌ی داوای لێبوردنی له ‌كه‌سوكاری قوربانییان و رزگاربووانی ته‌قینه‌وه‌كان كرد و داواشی له ‌خوا كرد یارمه‌تی كه‌سوكاری قوربانییه‌كان بدات و خۆی و تامرلان كه‌ برای گه‌وره‌ی بوو، بخاته‌ به‌ر ره‌حمه‌تی خۆی و یارمه‌تی خێزانه‌كانیان بدات.

پاش ته‌قینه‌وه‌كان تامرلان كه‌ یه‌كێك بوو له‌ئه‌نجامده‌رانی، له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌رێكی پۆلیس له‌میانه‌ی هه‌ڵمه‌تی راوه‌دونانی ئه‌نجامده‌رانی ته‌قینه‌وه‌كان كوژران، به‌ڵام جه‌وهه‌ر برینداربوو و دواتر له‌ناو ماڵێكدا ده‌ستگیركرا.

له‌ 15ی ئایاری رابردوو ده‌سته‌ی سوێندخۆران گه‌یشته‌ بڕیاری له‌سێداره‌دانی تسارناییڤ و به‌وه‌ش بووه‌ بچوكترین كه‌س كه‌ پاش هێرشه‌كانی 11ی سێپته‌مبه‌ری 2001، سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت.

هه‌ر پێش راگه‌یاندنی بڕیاری له‌سێداره‌دانه‌كه‌ پۆلیس رایگه‌یاند، گومانلێكراوێكی له‌به‌رده‌م دادگادا ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ ئۆتۆمبێلێكی بێتابلۆی كانزایی لێخوڕیوه‌، به‌ڵام ورده‌كاریی زیاتری ئاشكرانه‌كرد.
















خه‌ندان
Top