داودئۆغڵو ئیدانەی هێرش کردنە سەر هەدەپەی کرد
داودئۆغڵو لەمیانی كۆبوونەی جەماوەری پارتەكەی لە شاری كارامان، لەسەر رووداوەكانی ئەدەنە و مەرسین گوتی: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری نێوخۆدا قسەمان كرد و زانیاریەكانم لێ وەرگرت لەسەر رووداوەكە، هاوكات رامسپاردن كە هەركەسێك لەپشتی ئەو هێرشانەوەیە، بیدۆزنەوە، هاوكات بەدواداچوون بۆ ئەوانەش بكەن كە هۆكاری رووداوەكەن، ئینشەڵا پێكەوە حەوتی حوزەیرانی داهاتوو بە ئاشتیانە بەڕێ دەكەین.
داودئۆغڵوو ئاماژەی بەوەدا كە دەشێت هەندێك لایەن هەوڵ بدەن، ئاڵۆزی و پەشێوی بنێتەوە و دۆخی هەڵبژاردن تێك بدەن و گوتی: "لە سەرەتاوە چاوەڕێی ئەمەمان دەكرد، جارێكی تر بەڕوونی دەیڵێمەوە ، ئێمە ئیدانەی ئەم كارانە دەكەین و بەردەوامیش دەبین لە گەران بەدوای ئەنجامدەرانیدا".
لەبەشێكی تری گوتەكانیدا داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا كە پارتەكەی ئەوانیش زۆر جار بۆتە ئامانجی هێرش و كاندیداكانیان رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، لەوانە لە سیرت و وان و ئاگری و بانگەوازی بۆ هەموو پارتەكانی هەدەپە و مەهەپە و جەهەپە كرد كە پێكەوە دژی ئەو هێرشانە بوەستنەوە كەدەكرێتە سەر هەر پارتێك.
لەكۆتاییدا داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا كە هاوشانی ئیدانە كردنی هێرشەكە ، بەڵام هاوكات لەهیچ كەس و لایەنێكی قبووڵ ناكەن هێرشەكان بكەنە هۆكارێك بۆ پەلامار دان و تاوانبار كردنی حكوومەتی و ئاك پارتی.
AA