نەوت فرۆشەکەی داعش کوژرا.. بە فەرمانی ئۆباما بووە

 نەوت فرۆشەکەی داعش کوژرا.. بە فەرمانی ئۆباما بووە
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) بەرپرسانی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاندووە، (هێزی کۆماندۆی دەلتا) کە هێزێکی تایبەتی ئەمەریکاییە بە پێداویستی پێشکەوتووی سەربازییەوە، لە ناوخۆی سووریادا هێرشێکی سەربازییان لە ڕۆژهەڵاتی سووریادا ئەنجام داوە و، گەورە تیرۆریستێکیشیان کوشتووە.

ئامانج لەو هێرشە دەستگیرکردن یاخود کوشتنی سەرکردەییەکی داعش بووە، لە هێرشەکەدا کە هێلیکۆپتەری هاوکی ئەمەریکایی تێیدا بەشداری پێکراوە و، شەڕی دەستی و، ڕووبەڕووبونەوەی نزیکیشی تێکەوتووە، سەرەنجام توانراوە (ئەبو سەییاف) بکوژرێت و ژنەکەیشی دەستگیر بکرێت و، چەندین چەکداری تری داعشیش کوژراون.

بەرپرسانی ئەمەریکایی دەڵێن (ئەبو سەییاف) کە توونسییە و سەرکردەییەکی سەربازیی داعشە و، بەرپرسی یەکەمی بەڕێوەبردنی فرۆشتنی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی داعش بووە و، سەرپەرشتی فرۆشتنی نەوتەکەی لە بازاری ڕەشدا کردووە.

هەر لەو بارەیەوە (ئاشتن کارتەر) وەزیری بەرگریی ئەمەریکا گوتی هەڵمەتەکە بە فەرمانی (باراک ئۆباما) ئەنجام دراوە و بۆ دەستگیرکردنی (ئەبو سەییاف) بووە، بەڵام کوژراوە و، خێزانەکەیشی (ئوم سەییاف) دەستگیر کراوە.
شیاوی باسکردنە، ئەو یەکەم هێرشە کە ئەمەریکا بە هێزێکی تایبەت لە سووریادا بۆ ئامانجێکی دیاریکراو ئەنجامی داوە و سەرکەوتوویش بووە، لەو هێرشەدا هیچ سەربازێکی ئەمەریکایی زیانی پێنەگەیشتووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز پاریش ئەمەریکا هێرشێکی لەو شێوەیەی بە ڕزگارکردنی بارمتە ئەمەریکایی و، بیانییەکان ئەنجام داوە بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.
Top