ئەمریکا: بڕیاری لەسێدارەدانی مورسی لەگەڵ سەروەریی یاسا ناکۆکە

 ئەمریکا: بڕیاری لەسێدارەدانی مورسی لەگەڵ سەروەریی یاسا ناکۆکە
دوای ئەوەی دادگای میسر بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ محەممەد مورسی، سەرۆکی لەکارلادراوی میسر دەرکرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەو بڕیارەی بە ناکۆک لەگەڵ یاسا وەسفکرد و سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانیش نیگەرانی خۆی لەو بڕیارە نەشاردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیاری لەسێدارەدانی محەممەد مورسی، لەگەڵ سەروەری یاسا ناکۆکە.

هاوکات گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بان کی مۆن، نیگەرانی خۆی لە رەوانەکردنی فەرمانی لەسێدارەدانی مورسی بۆلای موفتی میسر بەمەبەستی دەربڕینی بۆچوونی خۆی سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگا دەربڕی.

دادگای تاوانەکانی میسر رۆژی شەممە16 ی ئایار بڕیاری سزای مەرگی بەسەر محەممەد مورسی سەرۆکی پێشووی میسر و یەکەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی دوای بەهاری عەرەبی میسردا سەپاند و دۆسیەکەی رەوانەی موفتی گەورەی میسر کرد.

محەممەد مورسی سەرکردەی ئیخوان یەکەمین سەرۆکی هەڵبژێردراوی میسر بوو، لە دوای شۆڕشی ٢٥ی یەنایەری 2012، بەڵام لە مانگی حوزەیرانی 2013 بە کودەتایەکی سەربازی لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی وەزیری بەرگری ئەوکاتەی میسر و سەرۆکی ئێستای میسر لەسەر کار لادرا، لەوکاتەشەوە بزووتنەوەی ئیخوان وەک رێکخراوێکی نایاسایی لە میسردا قەدەغەکراوە.










رووداو
Top