ئەردۆغان ناڕاستەوخۆ هێرشدەکاتە سەر PKK

ئەردۆغان ناڕاستەوخۆ هێرشدەکاتە سەر PKK
رۆژی پێنجشەممە 14-5-2015 ، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی شاری وانی کرد لە باکووری کوردستان بەمەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆمەڵێک پرۆژەی خزمەتگوزاری.

لە گوتارێکدا کە لەو بۆنەیەدا پێشکەشیکرد، ئەردۆغان باسی لە رزگارکردنی کۆبانێ کرد و گوتی " ئێمە رێگەماندا بە پێشمەرگە و سوپای ئازادی سووریا بۆ ئەوەی بچن بۆ کۆبانێ". هاوکات ئەوەی خستەڕوو کە مەبەستیان ئەوە بووە لەو رێگەیەوە رێکخراوی داعش سزابدرێت.

سەرۆککۆماری تورکیا لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا بەبێ ناوبردن، پارتی کرێکارانی کوردستان PKK ی بە رێکخراوی تووندڕەو و جوداخواز ناوبرد و پارتی دیموکراتی گەلان ‌HDP یشی بە هەماهەنگیکردن لەگەڵی تۆمەتبارکرد.

لەسەر ئەو بنەمایە داوای لە دانیشووانی وان کرد، کە دەنگ نەدەن بە ‌HDP. هەروەها گوتیشی " ئێمە نوێنەری کوردین و قبوڵ ناکەین ‌HDP نوێنەرایەتی برا کوردەکانمان بکات".

لەم هەڵبژاردنەی توركیا كە مانگی داهاتوو ئەنجامدەدرێت، گەورەترین مەترسی لەبەردەم HDP ئەوەیە نەتوانێت سەدا 10ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت و نەگاتە پەرلەمانی توركیا، چونكە یەكەمجارە وەك پارت بەشداری هەڵژاردن دەكات.

لەمبارەیەوە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان HDP رایگەیاند: "ئەگەر حیزبەکەمان بەهۆی هەڵەیەکی منەوە نەیتوانی بەندی سەدا 10 تێبپەڕینێ، ئەوا دەستلەکاردەکێشمەوە".

لەبارەی AKP ەشەوە هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان دەڵێا: "پارتی داد و گەشەپێدانیش سیستمی هاوسەرۆکایەتی پەیڕەودەکات، بەڵام ئەوان لەجیاتی دانانی ژنێک و پیاوێک بە هاوبەشی، دوو پیاو هاوسەرۆکایەتی دەکەن کە داودئۆ‌غڵو و ئەردۆ‌غانن".



























رووداو
Top