سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هه‌ردوو جێنشینى سعودیه‌ كۆبووه‌وه‌

سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هه‌ردوو جێنشینى سعودیه‌ كۆبووه‌وه‌
باراك ئۆباما سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا له‌ كۆشكى سپى له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو جێنشینى سعوودیه‌ محه‌مه‌د بن نایف و محه‌مه‌د بن سه‌لمان كۆبووه‌وه‌ . به‌پێى زانیاریه‌كان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئۆباما هه‌وڵه‌كانى وڵاته‌كه‌ى بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنى كۆتایى ئه‌تۆمى له‌گه‌ڵ ئێران بۆ هه‌ر دوو جێنشینه‌كانى سعوودیه‌ باس كرد. هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا دووپاتى كرده‌وه‌، واشنتۆن دۆستایه‌تیی و هاوپه‌یمانیى پته‌وى له‌گه‌ڵ سعوودیه‌ هه‌یه‌ كه‌ مێژوویه‌كه‌ى بۆ سه‌رده‌مى فرانكلین روزفلت سه‌رۆكى پێشووترى ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ش به‌ر له‌ به‌ستنى لوتكه‌ى ئه‌مه‌ریكاو كه‌نداو له‌ كامپ ده‌یڤید به‌ڕێوچوو. پێشتریش له‌ دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى شه‌رقولئه‌وسه‌ت ئۆباما دووپاتى كرده‌وه‌، كه‌ واشنتۆن له‌ پشتیوانى هاوپه‌یمانه‌كانى له‌ كه‌نداو به‌رده‌وام ده‌بێت. راشیگه‌یاند، هیچ گومانێك له‌باره‌ى پابه‌ندبوونى وڵاته‌كه‌ى به‌ ئاسایشى ناوچه‌كه‌ و پشتیوانى له‌ وڵاتانى كه‌نداو نییه‌. سه‌باره‌ت به‌ ئێرانیش، باراك ئۆباما گوتى: ئێران ره‌وشتى ترسناك و مه‌ترسیدارى بۆ ناسه‌قامگیرى وڵاتانى ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ وێراى ئه‌وه‌ى ئێران پشتیوانى له‌ گروپه‌ چه‌كداره‌ تیرۆرستیه‌كان ده‌كات له‌ هه‌مان كاتیشدا سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، واشنتۆن و تاران هه‌وڵى گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنى كۆتایى ئه‌تۆمى ده‌ده‌ن، به‌ڵام ده‌بێت له‌ رفتار و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانى ئێران به‌ئاگا بین.
Top