ئوردن بەشداری هێرشی زەمینی بۆ سەر حوسییەکان ناکات
شا عەبدوڵڵای دووەمی ئوردن، رۆژی چوارشەممە 13 ی ئایاری 2015، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوڤانییدا لەگەڵ ئەنجێلا مێرکل راوێژکاری ئەڵمانیا، رایگەیاند" ئوردن بەشێکە لە هاوپەیمانێتی عەرەبی بە رێبەرایەتی سعودیە و کاری هەرە لە پێشیشی بەرگریکردنە لە وڵاتی سعودیە".
شاعەبدوڵڵا رەتیکردەوە ئوردن بەشداری لە هێرشی زەمینی بۆ سەر حوسییەکانی یەمەن بکات، گوتیشی" هیچ رێوشوێنێک بۆ بەشداریکردنی ئوردن لە هێرشی زەمینی بۆ سەر حوسییەکانی یەمەن نەگیراوەتە بەر". ئاماژەشی بەوەدا:"ناکرێت بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تەنیا لە رووبەڕووبوونەوەی داعش کورتبکرێتەوە، لە کاتێکدا گرووپی بۆکۆ حەرام و چەندین گرووپی دیکەی تووندئاژۆ هەڕەشە لە ناوچەکە دەکەن".
رۆژی 8 ی ئایاری 2015، ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئوردن، رایگەیاند، شاعەبدوڵڵا لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا، سەردانی هەریەک لە وڵاتانی ئەلبانیا و ئەڵمانیا دەکات.
رووداو