چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك حوسییه‌كانى یه‌مه‌ن به‌ پێشێلكردنى ئاگربه‌ست تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك حوسییه‌كانى یه‌مه‌ن به‌ پێشێلكردنى ئاگربه‌ست تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن
چاوه‌رێ ده‌كرێت به‌ هۆى راگه‌یاندنى ئاگربه‌ست له‌ یه‌مه‌ن كه‌ دوێنێ چووه‌ته‌ وارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، هاوكارى و یارمه‌تیه‌ مرۆیه‌كان بگه‌یه‌ندرێته‌ خه‌ڵكى ئه‌و وڵاته‌. لاى خۆیه‌وه‌ ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى پێشوازى له‌ ئاگربه‌سته‌كه‌ كرد و هانى گشت لایه‌نه‌كانیشى دا پابه‌ندى ئاگربه‌سته‌كه‌ بن.

هاوكات هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ چه‌كدارانى حوسى به‌ شكاندنى ئاگربه‌سته‌كه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌و پێیه‌ى چه‌كدارانى حوسى و عه‌لى عه‌بدوڵلا ساڵح ده‌ستیان به‌ بۆردومانى پارێزگاى ته‌عز له‌ باشوورى یه‌مه‌ن كردووه‌ و ناهێڵن هاوكاریى مرۆیى بگاته‌ چه‌ند شوێنێك.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا، هاوپه‌یمانى عه‌ره‌بى هۆشدارى توندى دایه‌ چه‌كدارانى حوسى ئه‌گه‌ر ئاگربه‌سته‌كه‌ بشكێنێت و پابه‌ندى نه‌بێت، چونكه‌ فرۆكه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ بۆردومانی شوێنى حوسیه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن، به‌ڵام لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى سه‌ربه‌ به‌ حوسیه‌كان، ره‌تیانكرده‌وه‌، كه‌وا چه‌كداره‌كانیان ئاگربه‌سته‌كه‌یان شكاندبێت یان پێشێلیان كردبێت. دوێنێ سعوودیه‌ و وڵاتانى هاوپه‌یمانى عه‌ره‌بى و چه‌كدارانى حوسى به‌ ئامانجى گه‌یاندن كۆمه‌ك و هاوكارى مرۆیى بۆ خه‌ڵكى لێقه‌وماو و ئاواره‌، ئاگربه‌ستیان راگه‌یاند.
Top