ئێران و ئەمریکا لە تاران و واشنگتۆن نووسینگەی پەیوەندییەکان دەکەنەوە

ئێران و ئەمریکا لە تاران و واشنگتۆن نووسینگەی پەیوەندییەکان دەکەنەوە
دوای نزیکەی ٣٥ساڵ بچڕانی پەیوەندیی راستەوخۆی ئێران و ئەمریکا، ئەم دوو وڵاتە بە تەمان نووسینگەی فەرمی لە وڵاتانی یەکتر بکەنەوە.

لەمەوبەر باڵوێخانەی سویسرا لە تاران ئەرکی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لە ئێران بەڕێوە دەبرد، بەڵام بە پێی راپۆرتی واشنگتۆن پۆست، بەرپرسانی سویسرایی داوایان لە ئیران کردووە بەهۆی کۆن بوونی باڵەخانەی ئێستایان دەرفەتێک بڕەخسێنێت نووسینگەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بۆ شوێنێکی دیکە بگوازرێتەوە.

بە پێی ئەم هەواڵە، بەرپرسانی ئەمریکاییش ٣٠ ساڵە داوا دەکەن نووسینگەی پەیوەندییەکانیان لە شوێنکی دیکەی واشنگتۆن بکرێتەوە.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە هەفتەی رابردوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە شوێنی نێشتەجێبوونی باڵوێزی ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، چاوی بە محەممەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران کەوتووە. بە پێی رێوشوێنە دیپلۆماسیەکان، شوێنی نیشتەجێبوونی باڵویز وەک خاکی وڵاتی باڵوێزەکە سەیری دەکرێت و ئەمەش وا دەگەیەنێت دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی یەکەم جارە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی خاکی ئێران دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە واشنگتۆن پۆستی گوت: کردنەوەی نووسینگەی دوو وڵات هیچ پەیوەندی بە دانووستانە ناوکیەکەوە نییە.

شیاوی ئاماژەیە، دوای هاتنە سەرکاری حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩ و دەست بەسەر داگرتنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ئێران، پەیوەندیی راستەوخۆی دیپلۆماسیی ئەم دوو وڵاتە پچرا و باڵوێزخانەی سویسرا وەک پاریزەری بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە تاران هێندێک لە کاروبارەکانی جێبەجێ دەکرد.
Top