ئەمریکا.. یادی 70 ساڵەی کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم دەکرێتەوە

 ئەمریکا.. یادی 70 ساڵەی کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم دەکرێتەوە
بە بۆنەی 70یەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی سوپای هاوپەیمانان بەسەر سوپای هیتلەر، چەندین فڕۆکەی جەنگی سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم بە ئاسمانەکانی واشنتۆن دی سی-دا سووڕانەوە.

بۆنەکە پاشنیوەڕۆ بە کاتی واشنتۆن دەستیپێکرد و بۆ ماوەی یەک کاژێر بەردەوام بوو، فڕۆکەکان لە بەرزایی 300 مەتری بینایەی ناشناڵ مۆڵدا گەشتیان دەکرد.

سەدان سەربازی دێرینی ئەمریکی لە شوێنی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە کۆببوونەوە، لە کاتێکدا فڕۆکەکانی سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم دیمەنەکانی ئەو جەنگەی بیری زۆریان دەهێنایەوە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمریکا، لە وتاری رادیۆیی هەفتانەی خۆیدا، گەلی ئەمریکای هاندا، لەم رۆژەدا تەنها یادی رووداوێکی مێژوویی نەکەنەوە.

باراک ئۆباما، گوتی :" لە کاتێکدا ئەم ساڵیادە دەکەینەوە، وەرن با تەنها لە یادکردنەوەی مێژوو نەوەستین، بەڵکو با جارێکی دیکە خۆمان تەرخان بکەینەوە، بۆ ئەو ئازادیانەی ئەوان جەنگیان بۆ کرد. با دڵنیابینەوە لەوەی کە لە خەباتکردن بۆ جێبەجێکردنی بیرۆکە بناغەییەکانمان بەردەوامین، کە ئێمە وڵاتێکین تێیدا کێشە نییە کێین، لە کوێوە هاتووین، شێوەمان چۆنە، کێمان خۆشدەوێت، بەڵکو گەر بەسەختی کاربکەین و بەرپرسیارێتی هەڵبگرین، ئەوە هەموو ئەمریکییەک دەرفەتی ئەوەی دەبێت ژیانێک بۆ خۆی دروست بکات، کە ئارەزوومانە. با لە پێناو بەهاکانماندا، واتە ئازادی، ئاسایش، دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا لە جیهاندا، لەگەڵ هاوپەیمانەکان لە ئەوروپا و دەرەوەی ئەوروپا بە یەکگرتوویی بمێنینەوە. وەرن بە دژی هەموو شێوازێکی دەمارگرژی و رق بووەستینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین مانایەک بەو پەیمانە ببەخشین کە دەڵێت "هەرگیز لە بیری ناکەین. هەرگیز."

جەژنی کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم لە زۆربەی وڵاتانی بەشداربوو لەم جەنگەدا بەڕێوەدەچێت، جەژنەکە بە "جەژنی سەرکەوتن لە ئەورووپاش ناوزەد دەکرێت.

70 ساڵ لەمەوبەر سوپای ئەڵمانیای نازی، رازیبوو بەبێ مەرج چەکدابنێت و رێگا بە سوپای وڵاتانی هاوپەیمان بدات بێنە ناو ئەم وڵاتەوە، ئەم رۆژە بە رۆژی کۆتایهاتنی جەنگی جیهانی دووەم لەقەڵەم دەدرێت.








رووداو
Top