کێری بۆ وەستاندنی شەڕ لە سعودیەیە

 کێری بۆ وەستاندنی شەڕ لە سعودیەیە
جۆن کێری، بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی وەستاندنی شەڕی یەمەن، گەیشتە پایتەختی سعودیە، بڕیاریشە سەبارەت بە چۆنیەتی ئاگربەست و جێبەجێکردنی لەگەڵ شا سەلمان، شای سعودییە و عەبدرەبە مەنسوور هادی، سەرۆکی یەمەن کۆببێتەوە.

جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە، 6 ی ئایاری 2015، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە وەستاندنی کردەی سەربازی دژ بە یەمەن، بەسەردانێک گەیشتە ریازی پایتەختی سعودیە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، چاوی بە هەریەک لە شا سەلمان پادشای سعودیە و عەبد رەبە مەنسور هادی سەرۆکی یەمەن دەکەوێت.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیشدا، لە جیبۆتی، جۆن کێری، رایگەیاند" لەگەڵ سعودیە بەدوای سروشتی ئاگربەست و چۆنیەتی جێبەجێکردنیدا دەگەڕێین"، گوتیشی" نیگەرانین بەرامبەر بە بارودۆخی مرۆیی لە یەمەن".

لای خۆشییەوە، ریاز یاسین، وەزیری دەرەوەی یەمەن، رایگەیاند" رۆژی پێنجشەممە، سەبارەت بە بارودۆخی مرۆیی و چۆنییەتی پێشخستنی ئەو بوارە لەگەڵ جۆن کێری کۆدەبینەوە".

دوێنێ ئاژانسەکان بڵاویان کردەوە، چەکدارە حوسییەکان لەیەمەن، سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەکانی سعودییە، توانیویانە کۆنتڕۆڵی دوایین بنکەی سوپای عەبد رەبە هادی، لە ناوچەی تاهی عەدەن لە یەمەن بکەن.









رووداو
Top