زه‌ریف: سوورین له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی

زه‌ریف: سوورین له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌باره‌ی دانوستانه‌كانی دۆسیه‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی وڵاته‌كه‌ی رایگه‌یاند: نووسینه‌وه‌ی ده‌قی رێككه‌وتننامه‌ی كۆتایی به‌رده‌وامه‌ به‌ڵام هێشتا كه‌وانه‌ی زۆر ماوه‌ دایانخه‌ین.

زه‌ریف له‌و تێبینییه‌ی كه‌ له‌ تویته‌ بڵاویكردۆته‌وه‌ ده‌ڵێت، نووسینه‌وه‌ی ده‌قی رێككه‌وتننامه‌ی كۆتایی درێژه‌ی هه‌یه‌، كارێكی قورسه‌ و كه‌وانه‌ی زۆر ماوه‌ دایانخه‌ین، سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه‌ سه‌خته‌ كۆتایی پێ بهێنین و ئاسۆیه‌كی نوێ بكه‌ینه‌وه‌.

شاندی دانوستانی ئێران له‌باره‌ی دۆسیه‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی تاران كه‌ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف سه‌رپه‌رشتی ده‌كات له‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌وه‌ ده‌ستی به‌ كۆبوونه‌وه‌كانی له‌ نیویۆرك كردووه‌ به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی ده‌قی رێككه‌وتننامه‌ی كۆتایی.

ئێران و گرووپی پێنج كۆ یه‌ك رۆژی دووی نیسانی رابردوو گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنێكی به‌رایی و لایه‌نه‌كان ئامانجیانه‌ تا سى حوزه‌یرانی داهاتوو ده‌قی كۆتایی رێككه‌وتننامه‌كه‌ ئیمزا بكه‌ن.
Top