نەتەوە یەکگرتووەکان: ئێران لە 2009وە چەک بە حوسییەکان دەدات

نەتەوە یەکگرتووەکان: ئێران لە 2009وە چەک بە حوسییەکان دەدات
هەواڵدەریی فەرەنسا لە زاری چەند کارناسێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 2009وە چەک و تەقەمەنی بە حوسییەکانی یەمەن دەدات.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، ئەو ڕاپۆرتە پێشکەش بە کۆمیتەی تایبەت بە گەمارۆکانی سەر ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە.

لە ڕاپۆرتی کارناسانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە کە ئێران لە ساڵی 2013شدا کەشتییەک چەک و تەقەمەنی رادەستی حوسییەکانی یەمەن کردووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە چەندین کاروانی دیکەی چەک و چۆڵ کراوە کە ئێران ویستوویەتی بیگەیەنێتە دەستی حوسییەکان کە لەلایەن دەوڵەتی یەمەن و تورکیاوە لە ساڵی 2009 و 2010دا دەستیان بەسەردا گیراوە.

حەفتەی ڕابردووش چەند کەشتییەکی ئێران لە نزیک ئاوەکانی یەمەن جێگیر کرابوون کە لێپرسراوێک لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە رایگەیاندبوو، کاراونی کەشتییەکانی ئێران کە گومانی هەڵگرتنی چەک و تەقەمەنیان بۆ حوسییەکان لێدەکر، لە ئاوەکانی یەمەن دوور خرانەوە.

ئەو لێپرسراوە ئەوەشی خستبوویەڕوو، ئێران 9 کەشتیی ڕەوانەی ئاوەکانی عەدەن کردبوو و بە ناچاری دوور خراونەتەوە و ئێستا ڕوویان لە بەندەری سەلاسەی عەممان کردووە.
Top