رۆیتەرز: ئێران هێشتا هەوڵی پیتاندنی یۆرانیۆم دەدات

رۆیتەرز: ئێران هێشتا هەوڵی پیتاندنی یۆرانیۆم دەدات
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەو نزیکانە هەوڵیداوە لە بازاڕی رەشدا تەکنۆلۆژیای ئەتۆمی، بەمەبەستی پیتاندنەوەی یۆرانیۆم بكڕێت.

بەپێی ئەو راپۆرتە نهێنییەی کە بە رۆیتەرز گەیشتووە، بەریتانیا شاندی کارناسانی ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئاگادارکردووەتەوە، کە ئێران سەرقاڵی کڕینی تەکنۆلۆژیای پیتاندنەوەیە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە "حکومەتی بەریتانیا 20ی نیسانی 2015، شاندی کارناسیی ئەنجوومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئاگادارکردووەتەوە، کە ئاگادارە لە بوونی تۆڕێکی دەڵاڵی، کە ئەو تۆڕە لەگەڵ دوو کۆمپانیای تەکنۆلۆژیای سانتریفییوژی ئێران و کۆمپانیای کاڵای ئەلێکتریکی ئێران لە پەیوەندیدابووە".

ئەوە لە کاتێکدایە ، کە گەمارۆکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، کۆمپانیای تەکنۆلۆژیای سانتریفییوژی ئێران لەخۆدەگرێت و گەمارۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا کۆمپانیای کاڵای ئەلێکتریکی ئێرانی گرتووەتەوە .

لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە "دۆخی ئێستا، واتە نەبوونی راپۆرتێک لەمەڕ بەزاندنی گەمارۆکان لەلایەن ئێرانەوە، دەتوانێ بەهۆی دابەزینی هەوڵەکانی ئێران بۆ کڕین و وەدەستخستنی تەکنۆلۆژیای ئەتۆمی یان بڕیاری سیاسی هەندێک لە وڵاتان بێت، کە نەکا چەت لە رەوتی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و گرووپی 5+1 بخات".

جگە لەوە شاندی کارناسیی، چاودێری بەسەر گەمارۆکانی ئێراندا ،ئاشکرای کردووە کە چەند نەوتهەڵگر و کۆمپانیای کەشتیوانی ئێرانی سەرەڕای ئەوەی ناویان لە خشتەی گەمارۆکاندایە، بەڵام دیسان درێژەیان بە چالاکییەکانیان داوە .

تا ئێستا دو حکومەتی ئێران و بەریتانیا هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر بە بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆڕتە نەبووە .

رۆژی دووی نیسانی ساڵی 2015ی زایینی دووای تێپەڕینی 13 ساڵ لە ماراتۆنێکی دیپلۆماسی و گفتوگۆکردن، ئێران و وڵاتانی 5+1 لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمیی رێککەوتن. هەریەک لە باراک ئۆباما سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و حەسەن رۆحانی سەرۆککۆماری ئێرانیش رێککەوتنەکەیان بە باش وەسفکرد.












روداو
Top