زۆرینەی گەنجانی ئەمەریكا لەگەڵ ناردنی هێزدان بۆ شەڕی داعش
ئەنستیتیوی هارڤارد بۆ سیاسەت، ڕاپرسییەكی لە ئەمەریكا لە نێوان گەنجانی تەمەن (١٨ بۆ ٢٩) ساڵی ئەنجام داوە و، تێیدا دەركەوتووە كە زیاتر لە (٥٧%)ـیان لەگەڵ ئەوەدا بوون ئەمەریكا بۆ شەڕی داعش هێز ڕەوانەی عێراق بكات و (٤٠%)ـەكەی دیكەیشیان لە دژی ئەوە بوون.
هەروەها پێشتریش لە ئەیلوولی ساڵی پاردا ڕاپرسییەك لەلایەن (ئەیبیسی نیواز / واشنتنپۆست)ـەوە ئەنجام درابوو (٥٣%)ـی خەڵكی بە هەموو تەمەنەكانەوە لەگەڵ ناردنی هێزدا ببوون بۆ شەڕی داعش، هەروەها لە (شوبات)ـی ئەمساڵیشدا جارێكی دیكە ڕاپررسییەك لەلایەن "جیبیئێس نیوز" لەسەر هەمان بابەت ئەنجام درابوو و (٥٧%)ـی خەڵكی داوای ناردنی هێزیان بۆ شەڕی دژی داعش كردبوو.
شیاوی گوتنە، ئەوە یەكەم جار نییە گەنجانی ئەمەریكا لە پرسە هەستیارەكاندا بەشداریی كارای ڕاپرسییەكان دەكەن، لە ساڵی (٢٠٠٢)ـیشدا ڕاپرسییەكی تایبەت لەناو گەنجاندا ئەنجام درابوو بۆ داگیركردنی عێراق و ڕووخاندنی ڕژێمی (سەددام حوسێن) كە (٦٩%)ـی گەنجان پاڵپشتی شەڕی دژی عێراقیان كردبوو.