فڕۆكه‌یه‌كی ئێرانی ده‌یویست له‌ سه‌نعا بنیشێته‌وه‌ و رووبه‌ڕووی كاردانه‌وه‌ی هێزی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی بووه‌وه‌

فڕۆكه‌یه‌كی ئێرانی ده‌یویست له‌ سه‌نعا بنیشێته‌وه‌ و رووبه‌ڕووی كاردانه‌وه‌ی هێزی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی بووه‌وه‌
سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی رایگه‌یاند كه‌ فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی په‌یژه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى نێوه‌دوڵه‌تی سه‌نعایان بۆردومان كرد چونكه‌ فڕۆكه‌یه‌كی ئێرانی بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی فڕینی فڕۆكه‌ى به‌ ئاسمانی یه‌مه‌ندا به‌زاندو له‌ ناو ئاسمانی عومانه‌وه‌ چووبووه‌ ناو ئاسمانی یه‌مه‌نه‌وه‌ تا له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى سه‌نعا بنیشێته‌وه‌. ئه‌و سه‌رچاوه‌ روونیشی كرده‌وه‌ كه‌ فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان ته‌قه‌یان له‌ فڕۆكه‌كه‌ نه‌كرد نه‌وه‌ك خه‌ڵكی سڤیلی تێدا بێت بۆیه‌ ناچار بوون په‌یژه‌ى ڕۆكه‌خانه‌ى سه‌نعا بۆردومان بكه‌ن تا ئه‌و فڕۆكه‌ له‌وێ نه‌نیشێته‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ ئه‌حمه‌د عه‌سیری راوێژكار له‌ نووسینگه‌ى وه‌زیری به‌رگری سعوودییه‌ له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند كه‌ ئه‌و ره‌فتارانه‌ى ئێران به‌رانبه‌ر به‌ یه‌مه‌ن ره‌فتاری نابه‌رپرسانه‌ن. گوتیشی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى شاری جه‌ده‌و شاری مه‌سقه‌ته‌وه‌ پێوه‌ندی به‌ فڕۆكه‌وانى فڕۆكه‌ ئێرانییه‌كه‌وه‌ كراوه‌ نه‌كات له‌ سه‌نعا بنیشێته‌وه‌ به‌ڵام فڕۆكه‌وانه‌كه‌ به‌ ده‌نگی داواكه‌وه‌ نه‌چووه‌. ئاماژه‌ى به‌وه‌یش كرد بۆیه‌ هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی بڕیاری دا په‌یژه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى سه‌نعا بۆردومان بكات كه‌ بۆ نیشتنه‌وه‌ى ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ ته‌رخان كرابوو ئه‌وه‌یش وای كرد فڕۆكه‌كه‌ ئاراسته‌ى خۆی بگۆڕێت و به‌ره‌و ئێران بگه‌ڕێته‌وه‌.
Top