شا سەلمان جێنشینی سعودیەی گۆڕی

شا سەلمان جێنشینی سعودیەی گۆڕی
سەلمان بن عەبدولعەزیز، پادشای سعودیە، سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە ٢٩ی نیسان بەگوێرەی فەرمانێکی شاهانە، چەند پۆستێکی لە ئیدارەکەیدا گۆڕی. لەنێو ئەو فەرمانانەشدا مقرن بن عەبدولعەزیز وەک جێنشینی سعودیە لەسەر کارەکەی لادرا و لەجێی ئەو محەممەد بن نایف کرا بە جێنشینی و لە هەمان کاتیشدا وەک وەزیری ناوخۆی سعودیە مایەوە.

هەر لە چوارچێوەی ئەو بڕیارانەدا، شا سەلمان کوڕەکەی خۆی (محەممەد بن سەلمان)ی کردە یاریدەدەری جێنشینی شانشینی سعودیە.

چاوەڕێدەکرێت ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە جێنشینی نوێ و یاریدەدەرەکەی لە کۆشکی شاهانەی سعودیە سوێند بخۆن.

هەروەها سعود فەیسەڵ کرا بە راوێژکاری کاروباری دەرەوەی شانشینی سعودیە و لە پۆستی وەزیری دەرەوە لادرا، لەجێی ئەویش عادل جوبەیر باڵیۆزی سعودیە لە ئەمریکا، کە ماوەیەکە زۆرترین لێدوان دەدات لەنێو سەرکردەکانی سعودیەدا و یەکەمین کەس بوو دەستپێکردنی هێرشی ئاسمانیی سعودیە و هاوپەیمانانی بۆسەر حوسییەکان راگەیاند، پۆستی وەزیری دەرەوەی پێدرا.

شا سەلمان چەند گۆڕانکارییەکی دیکەی لە وەزارەتەکانی دیکەشدا کرد، وەک پۆستی وەزیری تەندروستی و چەند پۆستێکی دیکەش لە وەزارەتەکانی ئابووری و پلاندانان.

سەبارەت بە پۆستە سەربازییەکانی وەزارەتی بەرگریش، شا سەلمان چەند گۆڕانکارییەکی دیکەی کردووە کە تا ئێستا درێژەی ئەو گۆڕانکارییانە نەزانراون.





















روداو
Top