جۆن كێری: ئێران و وڵاتانی 5+1 له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر له‌یه‌ك نزیكترن بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن

جۆن كێری: ئێران و وڵاتانی 5+1 له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر له‌یه‌ك نزیكترن بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن
جۆن كێری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند كه‌ له‌باره‌ى رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى، وڵاتانی پێنج كۆیه‌ك و ئێران ئێستا زۆر نزیكترین له‌ یه‌كترى له‌ هه‌ر كاتێكی دیكه‌ هه‌ر چه‌ند هه‌ردوولا زیاتر گفتوگۆو دانوستانی گرنگیان له‌ به‌رده‌م دایه‌ .

جۆن كێری دوای به‌شداریكردنی له‌ دانیشتنی سه‌ره‌تایی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ به‌دواداچوونی په‌یمانی قه‌ده‌غه‌كردنی بلاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی كه‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگ ده‌خایه‌نێت ، له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ نیویۆرك له‌ باره‌گای بالیۆزخانه‌ی ئێران له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان كۆبووه‌وه‌ و باسیان له‌ هه‌وڵه‌كان كرد بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنی كۆتایی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆیه‌ك له‌ كۆتایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ دیاریكراوه‌ ئه‌ویش سی حوزه‌یرانی داهاتووه‌ .

جۆن كێرى به‌و 191 وڵاته‌ی كه‌ واژوویان له‌ سه‌ر په‌یمانی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی ئه‌تۆمی كردووه‌، راگه‌یاند كه‌ ئێستا له‌ هه‌موو كات له‌و رێككه‌وتنه‌ نوێیه‌ نزیكترین و ئه‌گه‌ر به‌ رێككه‌وتنیش گه‌یشتین ئه‌وا جیهان زیاتر سه‌قامگیری به‌ خۆوه‌ ده‌بینێت .
Top