كەنەدا هاوكاریی مرۆیی زیاتر رەوانەی عێراق دەكات

 كەنەدا هاوكاریی مرۆیی زیاتر رەوانەی عێراق دەكات
وەزیری بەرگریی حكومەتی كەنەدا رایگەیاند، وڵاتەكەی بەنیازە بە بەهای یەك ملیۆن دۆلار هاوكاریی مرۆیی پێشكەش بە عێراق بكات، بە ئامانجی هاوكاریكردنی ئەو هاووڵاتیانەی بەهۆی شەڕو پێكدادانەكانی نێوان چەكدارانی داعش و هێزە ئەمنییەكان زیانیان بەركەوتووە.

جیسۆن كینی، وەزیری بەرگریی حكومەتی كەنەدا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "بڕێك كۆمەكی مرۆییمان بۆ هاوكاریكردنی ئاوارە عێراقییەكان كۆكردووەتەوە، هاوكات دەزگای (GlobalMedic) بۆ یارمەتییە مرۆییەكان كە بارەگاكەی لە شاری تورینتۆیە، لەم هەڵمەتەدا هاوكارە".

كینی گوتیشی: "وەزارەتی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی كەنەدا سەرپەرشتی گەیاندن و دابەشكردنی هاوكارییەكان دەكات بۆ ئاوارەكانی عێراق، كە ئامێری پاككردنەوەی ئاو، پێداویستی پاككردنەوەو پێداویستی تایبەت بە منداڵانی تازە لە دایكبوو لەخۆدەگرێت".

سەرەڕای پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی، حكومەتی كەنەدا لە رووی مەشق و راهێنانی سەربازیشەوە هاوكاریی حكومەتی عێراق دەكات و یەكێكیشە لەو وڵاتانەی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەركردایەتی دەكات، بنكەو بارەگاكانی چەكدارانی داعش لە عێراق بۆردوومان دەكات.









رووداو
Top