نیپاڵ.. بەهۆی بوومەلەرزەکەوە تائێستا 3200 کەس گیانیان لەدەستداوە

 نیپاڵ.. بەهۆی بوومەلەرزەکەوە تائێستا 3200 کەس گیانیان لەدەستداوە
رۆژبەڕۆژ ئاماری نوێی قوربانییانی بوومەلەرزەکەی پایتەختی نیپاڵ رادەگەیێنرێت و لەدوایین ئاماردا حکومەتی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا 3200 کەس گیانیان لەدەستداوە.

شاری کاتماندۆی پایتەختی نیپاڵ هێشتا لە دۆخێکی جێگیردا نییە و خەڵکی ئەو شارە لە ترسی ئەگەری روودانی بوومەلەرزەی دیکە روویان کردووەتە شوێنە کراوەکان. حکومەتی ئەو وڵاتەش فەرمانی بە چۆڵکردنی نەخۆشخانەکانی ئەو شارە داوە. ئامارەکانیش باس لە بەرزبوونەوەی ژمارەی زیانە گیانییەکان دەکەن و جگە لە برینداربوونی هەزارەها کەس، تا ئێستا 3200 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆری دیکەش بوون بە ژێر پاشماوەی باڵەخانە داڕووخاوەکانەوە.

بوومەلەرزەی یەک لەدوای یەک لە رۆژانی شەممە و یەکشەممە زۆربەی باڵەخانەکانی کاتماندۆی داڕووخاندووە و حکومەتیش هۆشداریی سەبارەت بە ئەگەر روودانی بوومەلەرزەی دیکەش داوە. نەخۆشخانەکانی ئەو شارەش باڵەخانەکانیان چۆڵکردووە و نەخۆشەکان براونەتە شوێنە کراوەکان و سەر شەقامەکان.

رۆژی شەممەی رابردوو بوومەلەرزەیەکی بەهێز بەگوڕی 7.8 شاری کاتماندۆ و ٨٠ کیلۆمەتری بە چواردەوری ئەو شارەدا هەژاند. بەهێزیی ئەو بوومەلەرزەیە بەجۆرێک بوو کە لوتکەی چیای ئێڤەریستی گرتەوە، دوای یەک رۆژیش لەو بوومەلەرزەیە هەر لە هەمان شوێن بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 6.6 جارێکی دیکە لەو شارەی دا و ئێستاش تەواوی باڵەخانەکانی ئەو شارە ئەوانەی هێشتا دانەڕوخاون لە ترسی ئەگەری روودانی دیکەی بوومەلەرزە چۆڵکراون.










رووداو
Top