بەهۆی بەردەوامیی شەڕ لە شاری عەدەنی باشووری یەمەن، بە هەزاران کەس ئاوارەی ناوچەکانی دیکە بوون، لەنێو عەدەنیش شەڕی هێزەکانی بەرگریی میللی سەر بە عەبد رەبە مەنسوور هادی، سەرۆکی یەمەن لەگەڵ چەکدارانی حوسی و لایەنگرانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح سەرۆکی پێشووی یەمەن بەردەوامە. بەپێی ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس ، شەڕێکی قورس لە شارەکە لەنێوان بەرگری میللی و چەکدارانی حوسی بەردەوامە و لەو شەڕەشدا چەکی قورسی وەک تانک بەکارهاتووە. هاوکات لە بەشێکی ناوچەکانی عەدەن شەڕی کۆڵان بە کۆڵان بەردەوامە و بەهۆی شەڕیشەوە خەڵکی لە ناوچەکانی عەدەن رادەکەن. ئەسۆشیەتد پرێس رایگەیاندووە چەکدارانی سەر بە عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە شارەکە زیاتر لە چەکدارانی حوسی رووبەڕووی هێزەکانی بەرگری میللی بوونەتەوە و هاوشانی حوسییەکان شەڕدەکەن. چەند میدیایەکی یەمەن رایانگەیاندووە لە ٢٤ کاژێری رابردوودا بەهۆی شەڕی نێوان چەکدارانی حوسی بە پاڵپشتی چەکدارانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لانیکەم ٩٠ کەس کوژراون، هەروەها ٤٦ چەکداری حوسی لە شاری عەدەن بەهۆی شەڕەوە کوژراون. ئەو میدیاکانی ئەو وڵاتە راشیانگەیاندووە لەیەک مانگی رابردوودا نزیکەی هەزار کەس بەهۆی شەڕەوە کوژراون و زیاتر لە ٤ هەزار کەسیش برینداربوون. لەلایەکی دیکەوە، بەپێی هەندێک سەرچاوە لە یەمەن، شەوی رابردوو بەهۆی بۆردوومانی سوپای سعودیە لە سنوورەکانەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی چەکدارانی حوسی، ١٥ چەکدار کوژراون. هێزی پاسەوانی سەر سنوور لە سعودیە لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە، راشیدەگەیێنێت کە دوو ئۆتۆمبێلی حوسییەکان لە ناوچەیەکی سنووری نێوان سعودیە و یەمەن کراونەتە ئامانج و تێکشکێنراون، ئاشکراشی دەکات هەردوو ئۆتۆمبێلەکە بەرەو سنووری سعودیە رۆیشتوون. هاوکات لە ناوچەی جازانی سنووریش دوای ئەوەی چەند چەکدارێکی حوسی هەوڵی چوونە نێو خاکی سعودیەیاندا ، هێزی پاسەوانی سعودیە رووبەڕوویان بوونەوە و شەڕ لەنێوان هەردوولا روویدا ، بەڵام تا ئێستا زیانی هەردوولا لەو شەڕەدا دیار نییە.
روداو