شاعەبدوڵڵا: ئەمە سێیەم جەنگی جیهانە و دەبێ هەموومان بەرەنگاری ببینەوە
(شاعەبدوڵڵا) لە دیمانەیەکی لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێندا هەروەها گوتی، "هەر دەبێ بۆ بەرپەرچدانەوەی یەکبگرین، من ئەمەم بە سەرکردەکانی عەرەب و وڵاتانی ئیسلام و بە شێوەیەکی گشتییش بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوتووە. هەڵبەت ئەم جەنگە سێیەم جەنگی جیهانە بە شێوازی جیاوازتر، ئەم پرسەیش موسوڵمان و مەسیحی و ئایینەکانی دیکەیش، لە جەنگێکی مێژووییدا کۆ دەکاتەوە، دەبێ هەموومان تێیدا کۆ ببینەوە."
شای وڵاتی ئەردەن ڕوونی کردەوە، "ئەمە جەنگی ڕۆژاوا نییە، بەڵکە جەنگێکە لەنێو ئیسلامدا و دەشێ وای گوزارشت لێ بکەین کە، هەمووانیش دژ بە ئەو لە یاسادەرچووانە وەستاونەتەوە. لێرەدا ئەم جەنگە سێ ڕەهەندی هەن؛ ڕەهەندی سەربازی لەم جەنگەدا کورتخایەنە، ڕەهەندە ئەمنییەکەیشی مامناوەند و بێگومان ئەوەیشی کە دەبێ بۆ ماوەیەکی درێژ کاری لەسەر بکرێ، ڕەهەندە فیکرییەکەیەتی."