پەرلەمانی بەریتانیا داوای پێدانی چەکی قورس بە پێشمەرگە دەکات
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە لەندەن، ئەو لیژنەیە راستەوخۆ داواکەی خستووەتە بەردەم سەرۆکوەزیران و ئەویش وەڵامی داوەتەوە.
ریچارد ئۆتاوای، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا، رایگەیاند: " بەریتانیا ٤٠ ئۆتۆمبێلی سەربازی بۆ پێشمەرگە ناردووە و راهێنانیش بە پێشمەرگە دەکات، بەڵام ئەوە بەس نییە و سوودی ئەوتۆی نابێت، چونکە هەموو کارەکان دەبێت بە بەغدادا بڕوات و بچێتە هەولێر، ئێمە داوای پێدانی چەکی زیاتر بە کورد دەکەین".
هاوکات سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە وەڵامی پرسیاری لیژنەکە، رایگەیاندووە "ئێمە تائێستا بڕێکی زۆر چەکمان بە کورد داوە، بەتایبەت ئەو چەکانەی لە ئەفغانستان بەکارهاتوون ، هەروەها ٣٠ راهێنەری سەربازیش راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن".
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کامیرۆن بەڵێنیداوە هەرچی لە توانایاندابێت بۆ هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان بیکەن. دەشڵێت: "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەو هاوکارییانەی دەینێرین زۆرترین کاریگەری و سوودی هەبێت لە شەڕی دژی داعش".
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هەروەها راشیگەیاندووە " لێکۆڵینەوە لە هۆکاری بانگنەکردنی کورد بۆ کۆنفرانسی لەندەن دەکەین".
رووداو