هەنگاریا بەنیازە هێز رەوانەی کوردستان بکات

 هەنگاریا بەنیازە هێز رەوانەی کوردستان بکات
حکومەتی هەنگاریا بەنیازە رۆڵی وڵاتەکەی لە شەڕی دژی داعش بەرفراوانتر بکات، بۆ ئەم مەبەستەش تاوتوێی ئەوە دەکەن بەشداریی سەربازیی ئەو وڵاتە لەناو هێزی هاوپەیمانان پەرەپێدەن.

پیتەر زیجارتۆ، وەزیری دەرەوەی هەنگاریا کە قسەی بۆ پەرلەمانتاران دەکرد، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە هەنگاریا دەتوانێت یارمەتی کوردستان بدات لەوەی بە سەقامگیریی سەربازی بگەن.

زیجارتۆ ئاماژەی بەوەدا بۆ بڕیاردان لەسەر ئەمە دەبێت حیزبەکانی نێو پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بکەن و لەم گفتوگۆیانەدا توانا داراییەکانی وڵات، ئەگەرەکانی مەترسی گیانی و تواناکانی بەرگریی لەبەرچاو بگیرێت.

وەزیری دەرەوەی هەنگاریا دەڵێت: "داعش هەڕەشەیەکە بۆسەر ئاسایشی هەموو جیهان و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. داعش هەروەها هەڕەشە لە بوونی کۆمەڵگە مەسیحییەکانی نێو هەرێمەکە دەکات. دوای هێرشەکانی پاریس و کۆپنهاگن ئیدی تەواو روون و ئاشکرایە هەڕەشە تیرۆریستییەکان هیچ کات هێندەی ئێستا راستەوخۆ و نزیک نەبوون".

زۆڵت نێمەت، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی هەنگاریاش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە وڵاتەکەی دەبێت بەشداریی لە هەوڵە سەربازییەکانی دژی داعشدا بکات. نێمەت ئاماژە بەوەش دەکات پەرلەمانی وڵاتەکەی چاوەڕێی دەقی نووسراوی پلانەکەی حکومەتن.

ئێمرە ڤێژکەی لە حیزبی دیموکراتە مەسیحییەکانی هەنگاریا داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی کرد، هەرچییان لەدەست دێت بۆ پاراستنی گیانی "هەزاران بێتاوان" بیکەن. مارتۆن گیۆنگیۆسی ئەندام پەرلەمانی سەر بە لیستی پارتی ناسیۆنالیستە رادیکاڵەکانی هەنگاریا پشتگیری خۆی بۆ ئەم پلانەی حکومەتی وڵاتەکەی دەربڕی.

ئاندراس شیفەر سەرۆکی کوتلەی پارتی سەوزی هەنگاریا لەسەر ئەو باوەڕەیە، وڵاتەکەی نابێت "لە جەنگی تیرۆردا هێندە گۆشەگیر بێت و ئیدی کاتی ئەوە هاتووە هاوکارییەکی پتەوی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەوروپیدا هەبێت". شیفەر داوای لە ٥ حیزبی ناو پەرلەمان کرد بە زووترین کات لەسەر ئەم پرسە کۆببنەوە.






رووداو
Top